بۆردوومانی باشووری کوردستان بەردەوامە و سەربازانی تورک ڕێگری لە هاتوچۆی دانیشتووان دەکەن

دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە بۆردوومانی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان، هەروەها سەربازانی تورک لەناو خاکی باشووردا ڕێگری لە دانیشتووانی هاتوچۆی برادۆست دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشە داگیرکاریی و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، هەبوونی چەندین بنکەو بارەگای سەربازی ئەو وڵاتە لەناو خاکی باشووردا مەترسی و دڵەڕاوکیی بۆ هاوڵاتیان و دانیشتووان دروست کردووە.

 

شەوی ڕابردوو ١٢ی کانوونی یەکەم، لەلایەن فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکەوە چیای بەربزێن و چەند ناوچەیەکی دیکە لە سنووری برادۆست بۆردوومان کران، بۆردوومانەکە دەنگێکی گەورەی هەبووە کە بووەتە هۆی لەرزینی دەرگا و پەنجەرەی ماڵان.

 

 

هەروەها تا درەنگانی شەو فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی ئیدارەی سۆران و بناری قەندیل و ناوچەی برادۆستدا سووڕاوەتەوە.

 

هەر دوێنی ١٢ی کانوونی یەکەم، سوپای داگیرکەری تورکیا بەرزاییەکانی گوندی گوهەرزێ لە زنجیرە چیای مەتینا لە سنووری ئامێدی بۆردوومان کرد.

 

لەلایەکی دیکەوە بەپێی گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە لە بەشێک لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بڵاوکراوەتەوە، سوپای داگیرکەری تورك بە ئۆتۆمبێلی سەربازی چووەتە ناو گوندی هێشمە لە ناوچەی بەرمیزە لە سنووری برادۆست و سەربازەكان دانیشتووانی گوندەكەیان ڕاگرتووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردوون.

 

گوندی هێشمە ٥٠ كیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای سیدەكان دوورە، لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا سوپای توركیا نزیکەی ٢٠ بنكەی سەربازیی لە سنووری برادۆست جێگیر كردووە.