لە ڕۆژی ٦٢دا پێکدادانی توندوتیژ و گەمارۆدانی خان یونس بەردەوامە

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە نزیکەی سێ مانگە بەردەوامە و شارەکان و پارێزگاکانی کەرتی غەززەیان کردووەتە ئامانج، بەتایبەت شاری خان یونس لە باشوور، مەترسی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی لە ئارادایە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٦٢هەمین ڕۆژی شەڕی کەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە وشکانی و دەریایی و ئاسمانییەکانی، کە ناوەندی ئامانجەکەی شاری خان یونسە لە باشووری غەززە، بۆردوومانکردنی بینای قوتابخانەیەکیش بووە هۆی کوژرانی ٢٤ کەس، جگە لە ئاوارەبوونی دەیان کەس. بەهۆی فەرمانی نوێی چۆڵکردنەوە هەزاران کەس ڕوویان لە پەناگەکان کردووە و ئەمەش ئازارە مرۆییەکانیانت زیاتر کرد.

 

لە کەرتی ڕۆژئاوا سوپای ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر زۆرێک لە ناوچەکان کردووە، لەوانە شاری ڕامەڵا، هەروەها لە کاتی داگیرکردنی ئۆردوگای تولکارم، کە بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و بولدۆزەر ئەنجامدرا، دووبارە پێکدادان دەستی پێکردەوە، ئەمەش وایکرد چەندین کەس دەستگیر بکرێت.

 

لە دەوروبەری نەخۆشخانەی حکومی "سابت" لە کەرتی ڕۆژئاوا، سوپای ئیسرائیل گەمارۆی سەپاند و ڕێگری لە دەرچوونی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و تیمە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکەدا کرد، قەناس بەدەستەکانی لەسەربانی باڵەخانەکاندا بەدرێژایی شەقامی نابلوسی تەنیشت تولکارم و نور جێگیر کرد و هێزی سەربازیی ڕەوانەی ناوچەکە کرد.

 

بواری ڕۆشنبیری ئەو وڵاتە چەندین کەسی داهێنەر و ڕۆشنبیری لە بوارە جیاجیاکان لەدەستدا، کە بەهۆی هێرشەکانەوە ٢٨ کوژران چواریان منداڵ بوون، هەروەها بۆردوومان بووە هۆی وێرانکردنی ٩ دەزگای چاپ و کتێبخانە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک ناوەندی ڕۆشنبیری بەتەواوی یان بەشێکی زیانیان بەرکەوت، کە ٢١ ناوەندیان تۆمار کراون، زۆربەی ناوچە شوێنەوارییەکانی غەززە وێران بوون، لەناویاندا ٢٠ بینای مێژوویی، کە کڵێسا و مزگەوت و مۆزەخانەی تێدایە، ئەمە جگە لە وێرانکردنی هەشت مۆزەخانە و بەشێکی شارۆچکە کۆنەکەی شاری غەززە، کە دەیان بینای مێژوویی تێدایە.

 

لە ٧ی تشرینی دووەمەوە تا ئێستا ١٦ هەزار و ٢٤٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە حەوت هەزار و ١١٢ کەسیان منداڵ و چوار هەزار و ٨٨٥ کەسیان ژنن، زیاتر لە ٧٠%یان ژن و منداڵن و لانیکەم ٤٣ هەزار و ٦١٦ کەسیش برینداربوون، هاوکات حەوت هەزار و ٦٠٠ کەسیشیان تا ئێستا بێسەروشوێنن.