٦٠ هێکتار زەوی دارستانی گیلان سووتان

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای گیلان ڕایگەیاند، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ٦٠ هێکتار زەوی دارستان و بەرزاییەکانی پارێزگای گیلان ئاگریان گرتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای گیلان، سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای گیلان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوانە ٦٠ هێکتار زەوی دارستان و بەرزاییەکانی ئەم پارێزگایە سووتاون.

 

وێڕای ئاماژەدان بە بای گەرم کە لەم پارێزگایە هەیە، ئەوەشی خستەڕوو کە ناوچەکە شاهیدی ئاگرکەوتنەوە بووە لە زەوییە دارستانەکان و بەرزاییەکانی ٩ شاری پارێزگای گیلان، هەروەها نزیکەی ٦٠ هێکتار لە زەوییە دارستانییەکان و بەرزاییەکانی ئەم پارێزگایە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سووتاون.

 

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستەڕوو ڕێکخراوی کەشناسی ئاستی هۆشداری پرتەقاڵی ڕاگەیاندووە و وتی: سەرجەم بەرپرسانی پارێزگای گیلان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی بتوانرێت دەستبەجێ ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر لەکاتی دروستبوونی هەر کێشەیەکدا.

 

هەر بە گوێرەی لێدوانەکانی، ئاگرەکە لە بەشێکی ناوچەکان کۆنترۆڵ کراوە و بەشێکی دیکەیان کە ناتوانن بگەنە شوێنی ئاگرە، سووتانی دارستانەکە بەردەوامە، هێزی خەڵکیش تا ئێستاش لەو ناوچانە ئامادەن بۆ ئەوەی بتوانن ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

 

ڕژێمی ئێران کەمترین بایەخ بە پاراستنی سروشتی ئێران نادات، بۆیە ساڵانە ڕووبەرێکی بەرفراوانی دارستانەکانی ئێران، لەوانەش دارستانە بەڕووەکانی زاگرۆس بە ئاگر دەسووتێن و سەرەڕای نەگەشتنە ئەو ناوچانە، هیچ ئامراز و پێداویستییەکی پێشکەوتووش نییە بۆ کوژاندنەوەی ئاگر.