فێستیڤاڵی پەری بۆ بەرهەمەکانی ژنان لە ڕانیە بەڕێوەچوو

بە دروشمی "خانمان پێشەنگن لە بنیادنانی کۆمەڵگەدا" یەکەم فێستیڤاڵی پەری بۆ خواردنە کوردەواریەکان و کارە دەستیەکانیان لە شاری ڕانیە بەڕێوەچوو و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- لە دەروازەی شار لە شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین بە دروشمی "خانمان پێشەنگن لە بنیادنانی کۆمەڵگەدا" بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری ڕاپەڕین بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی کەریمی عەلەکە یەکەم فێستیڤاڵی پەری بۆ خواردنە کوردەواریەکان و کارە دەستیەکانیان ڕێکخست.

 

فێستیڤاڵەکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، ژنانی دەستڕەنگین و بەهرەمەند بە کاری دەستی و خواردنی کوردەواری بەشدارییان کرد.

 

زەیتون ئیبراهیم، بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە و بە کاری دەستی و شیرینی و خواردن بەشداری کردووە، باسی لەوەکرد، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شارۆچکەی قەڵادزێ دوو ڕۆژی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەچوو، دواتر فێستیڤاڵی پەری گواسترایەوە بۆ شاری ڕانیە، وتیشی: ئامانجمان ئەوەیە کە کارە دەستیەکانمان نیشانی خەڵکی بدەین و لە ڕێگای ئەم جۆرە فێستیڤاڵانەوە کارەکانی خۆمان بناسێنین.

 

زەیتون ئیبراهیم وتیشی: پەیامی من بۆ هەموو ژنان ئەوەیە کە خوێندنیان تەواو کردووە یاخود دانەمەزراون، یاخود هیچ ئیشێکیان نییە، لە ماڵەوە بەهرەکانی خۆیان دەربخەن، دڵنیام هەموو کەس توانای هەیە و لە شتێکدا بەهرەیەکی هەیە، بەڵام بە دانیشتن شتەکە چارەسەر نابێت و ناکرێت هەر چاوەڕێی دامەزراندن بین، بۆیە ئیش بکەن و هێز و توانای خۆتان بخەنە گەر، هەم بۆ وەی وەکو ژنێک ببنە خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆتان، هەم بۆ خۆتان و دەوروبەرەکەتان سودتان هەبێت.

 

پەرژین ئەحمەد بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵی شاری ڕانیەیە و دەڵێتڵ لە فێستیڤاڵی پەری بەشداریم کردووە وەکو ژنە دەست ڕەنگینەکانی ئەم دەڤەرە، کاری من کێک و شیرینیە بە شێوازی ئۆنلاین و مۆڵەتی تەندروستی و ڕێگەپێدانیشم هەیە،  ئامانجم لە بەشداری کردنی ئەم فێستیڤاڵە زیاتر ناساندنی کارەکانم و دەرخستنی خۆم و چەندان ژنی دیکەیە، بۆ ئەوەی ببمە ڕێنوێنیەک بۆیان و بتوانن وەکو من بەشداری بکەن لە فێستیڤاڵ و خۆدەرخستندا، پەیامیشم بۆ ئەو ژنانەی کەوا لە ماڵەوەن و هیچ کارێکیان نییە، حەز دەکەم وەکو ئێمە بتوانن ئیشی دەستی خۆیان بکەن و بتوانن وەکو ئێمە بێنە ناو کۆمەڵگە و سەرکەوتنی خۆیان بە دیار بخەن.