لە ئامەد ژنان لە مەیدانەکان بوون: نەخێر بۆ خۆبەدەستەوەدان، بەڵێ بۆ بەرخۆدان

تۆڕی تێکۆشان دژی توندوتیژی ئامەد لە ٢٥ی تشرینی دووەم ڕێپێوانێکی ڕێکخست، ئەو ژنانەی لە مەیدانەکان بوون وتیان: نەخێر بۆ خۆبەدەستەوەدان، بەڵی بۆ بەرخۆدان.

ئامەد

 

بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ژنانی دیجلە ئامەد "DAKAP"، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە دەروازەی دونیا لە ناوچەی ئامەد کۆبوونەوە، ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەیاننامەیەکیان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ٢٥ی تشرینی دووەم" و "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئازادی". بڵاوکردەوە، لە بەیاننامەکەدا دروشمی "ژن،ژیان، ئازادی"،" ژن، ژیان، ئازادی ئازادی بۆ ڕێبەرایەتی"، "بژی بەرخۆدانی زیندان"، "بژی بەرخۆدانی ژنان" و چەندین دروشمی دیکە بەرزکرایەوە.

 

ئایگوڵ دۆکو خوشکی گولستان دۆکو کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ەوە بێسەروشوێنە وتی: نامرم هەتا ئەو پارێزگارەی کە وتی گولستان خۆی کوشتووە بەرپرسیار نەکرێت، کاتێک دۆکۆ ئەوەی وت، خەڵکەکە بە کۆی دەنگ دروشمی "دەوڵەتی بکوژ بەرپرسیار دەبێت"یان بەرزکردەوە.

 

ژنان گۆرانییان بە زمانی کوردی دەوت و هەڵدەپەڕین، کاتێک پۆلیس دەستوەردانی کرد بە هەلهەلە وەڵامیان دایەوە. دواتر ژنان ناوی ژنە کوژراوەکانیان یەک لە دوای یەک وت و وتیان: لێرەین.

 

دواتر گونەش ئۆزەل، ئەندامی داکاپ دەقی بەیاننامەکەی خوێندەوەو ڕایگەیاند، دەسەڵاتداران بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناسنامەی ژنان و کاری ژنان لە ڕێگەی جەنگەوە، دەیانەوێت خەباتی ژنان لەگەڵ توندوتیژیدا لە هەموو کاتێک زیاتر سەرکوت بکەن، زانیاری لەسەر توندوتیژی پیاوان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئاشکرا نەکراوە و بەم شێوەیە خەباتی ژنانیان داپۆشیوە.

 

"بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی ژنان"

هەروەها هالیدە تورکئۆغڵو، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی ژنان "هەدەپ" کاردانەوەی بەرامبەر بڕیارەکەی قەدەغەکردنی ڕێپێوانەکە ڕاگەیاندو وتی: ئێوە هەوڵ دەدەن لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا ژنان سەرکوت بکەن، بەڵام خۆتان هەڵخەڵەتێنن. ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی ژنان.

 

پۆلیس هێرشی کردە سەر ژنان

دوای ڕاگەیاندنەکە، ژنەکان ویستیان بڕۆن، بەڵام پۆلیس دەوریان دان، ناکۆکی لە نێوان پۆلیس و ژناندا دروستبوو، پۆلیس هێرشی کردە سەر ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و هەڕەشەیان لێکردن، بەڵام ژنان بە هەلهەلەو بە دروشمی "ژنان، ژیان، ئازادی" و چەندین دروشمی دیکە وەڵامی گەمارۆکەیان دایەوە، لە لایەکەوە ژنان چەپڵەیان لێدەدا و گۆرانی کوردیان دەوت، لە لایەکی دیکەشەوە لە گەمارۆکەدا هەڵدەپەڕین.