ژنانی باشووری کوردستان بەڵێنی بڵندکردنی تێکۆشانیان دووپات کردەوە

بە دروشمی "هه‌موو ڕۆژ ٢٥ى نۆڤه‌مبه‌ر، هه‌موو ڕۆژ تێكۆشان" ژنانی چالاکوان لە پارکی نالی کۆبوونەوە و له‌م ڕۆژه‌دا جارێكى تر په‌یامى به‌رده‌وامیدان به‌ بڵندكردنى تێكۆشانی ژنانیان لە چوار پارچەی کوردستان دووپات کردەوە.

سلێمانی

 

لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی ژنان بۆ هەڵمەتی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربووونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە پارکی نالی شاری سلێمانی بە دروشمی "هه‌موو ڕۆژ ٢٥ی نۆڤه‌مبه‌ر، هه‌موو ڕۆژ تێكۆشان"، بە پێشەنگایەتی رێكخراوى په‌یوه‌ندیه‌كانى ئافره‌تانى كورد-ڕێپاک، ئەنجومەنی مه‌جلیسى ژنانى په‌یه‌ده‌، كۆنگره‌ى ستار، رێكخراوى كوردى فه‌یلى بۆ مافى مرۆڤ، رێكخراوى ژنانى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى كوردستان-عێراق و رێكخراوى گه‌شه‌پێدانى ئافره‌تانى كوردستانى کۆبووونەوە و پەیامی به‌رده‌وامیدان به‌ بڵندكردنى تێكۆشانی ژنانیان لە چوار پارچەی کوردستان دووپات کردەوە.

 

ژنانی بەشداربووو لەسەر بەرگی سپی دروشمی "هه‌موو ڕۆژ ٢٥ی نۆڤه‌مبه‌ر، هه‌موو ڕۆژ تێكۆشان"یان لەبەرکردبووو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە بەشدارەکانیان خوێندەوە و ئاماژەیان بە مێژووی ٥ هه‌زار ساڵەی توندوتیژی ژنان و تێکۆشانی خوشکانی میراباڵ لە ساڵی ١٩٦٠دا کرد، کە بوووە هۆی هاتنە کایەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربووونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

 

بەیاننامەکە لەلایەن دایکی پەرچەم، چالاکوان، خوێندرایەوە و تیشکخرایە سەر ئەوەی، کە وێراى تێكۆشانى بێ وچانى ژنان هێشتاش سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتدارى پیاوسالارى‌ و سه‌رمایه‌دارى مۆدێرنیته‌ له‌ هه‌ركات زیاتر له‌ هه‌وڵى به‌ڕێوه‌بردنى پیلان ‌و سیاسه‌تى چه‌په‌ڵ ‌و جۆراوجۆردایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى بكات له‌ تێكۆشانه‌كانى ژنان‌و له‌م پێناوه‌شدا له‌ هیچ سڵ ناكاته‌وه‌، له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ دایه‌ ژنان رابكێشێته‌ سه‌ر هێڵى لیبراڵ‌و بێ رۆڵ‌و بێ كاریگه‌ریان بكات، چونکە ئه‌وه‌ى كه‌ زۆرترین ترسى دروستكردووە‌ بۆ ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ ته‌واوى جیهاندا تێكۆشان‌و پێشكه‌وتنه‌كانى ژنانن. بۆیه‌ش زۆرترین قوربانیده‌ر له‌ هه‌موو شه‌ڕو توندوتیژیه‌كان دیسانه‌وه‌ ژنانن.

 

"دۆخی ژنان لە باشووری کوردستان لە مەترسیدایە"

لە بەیاننامەکەدا ئامارێكى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خرایەڕوو، کە لە جیهاندا هه‌ر كاتژمێرێك پێنج ژن، واته‌ ڕۆژانه ١٢٠ ژن و  مانگانه سێ هەزار و ٦٠٠ ژن له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ ده‌كوژرێن، لەبارەی دۆخی باشووری کوردستانەوە دایکی پەرچەم ڕایگەیاند، ئه‌و بارودۆخه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ باشوورى كوردستان ژنان تێیدا ژیان ده‌كه‌ن مه‌ترسیدار ‌و تراژیدیه‌، سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵ‌و تێكۆشانه‌كانى ژنان‌و دروستكردنى فشار بۆ به‌ده‌ستخستنى ماف‌و ئازادیه‌كان جۆره‌كانى توندوتیژى جه‌سته‌یى‌و ده‌رونى‌و سێكسى، كوشتن‌و ناچار به‌ خۆكوشتن كردن به‌رده‌وامن، ته‌واوى ئه‌و توندوتیژیانه‌‌و ئه‌و بارودۆخه‌ به‌ سیاسه‌تێكى تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌برێت‌و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و به‌ڕێوه‌به‌رانى ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ وه‌ك بڵێى پرسێك به‌ ناوى پرسى ژنه‌وه‌ بوونى نییه‌ نزیك بووونه‌وه‌ هه‌یه، وێراى ته‌واوى رێگرى‌و فشاره‌كانى سه‌ر ژنان ده‌سه‌ڵاتى باشوورى كوردستان به‌هۆى ئه‌و زیهنیه‌ته‌ى كه‌ هه‌یه‌تى بۆته‌ رێخۆشكه‌ر بۆ دروستكردنى ئه‌و بارودۆخه‌، به‌ تایبه‌ت زاڵ بوون‌و زاڵكردنى هه‌ردوو چه‌مك‌و زیهینه‌تى فیوداڵى‌و دواكه‌وتوویى‌و پیاوسالارى، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ كۆپى كردن‌و ته‌قلیدى سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى بۆ باشوورى كوردستان كه‌ یه‌كێكیان ژن ده‌كات به‌ كۆیله‌ى نێوان چوار دیوار، ئه‌ویتریشیان ده‌یكات به‌ كاڵا‌و پێشكه‌شى ده‌كات ژنیان رووبه‌ڕووى ره‌وشێكى مه‌ترسیدار‌و تراژیدى كردووەته‌وە، له‌ كایه‌ سیاسى‌و ئیدارى‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ژنان كه‌مترین رۆڵیان هه‌یه‌‌و گه‌ر لێره‌و له‌وێش پۆستێك یاخود پێگه‌یه‌ك‌و رۆڵێك به‌ ژنان درابێت، ئه‌وا هێنده‌ مه‌نسوبیه‌ت‌و مه‌حسوبیه‌ت ره‌چاو كراوه‌ هێنده‌ توانا ‌و لێوه‌شاوه‌یى له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌.

 

"پەیامی تێکۆشان دووپات دەکەینەوە"

لە درێژەی بەیاننامەکەدا، دایکی پەرچەم پەیامی ژنانی خستەروو، کە وێڕای ئەو قوربانییەی ژنان ڕۆژانە چ له‌ سه‌رنگه‌ره‌كانى به‌رگرى به‌رامبه‌ر به‌ داگیركه‌رانى كوردستان و چ له‌ كونجى ماڵه‌كان‌و شه‌قامه‌كان دەیدەن، بەڵام جارێكى تر په‌یامى به‌رده‌وامیدان به‌ بڵندكردنى تێكۆشان دووپات ده‌كەنه‌وه و وتی: به‌ڵێن ده‌ده‌ین وه‌ك ژنانى كورد له‌  هه‌رچوارپارچه‌ى كوردستان وه‌ك چۆن به‌درێژایى مێژوو تێكۆشانمان كردووە‌، به‌ بیر و باوه‌ڕێكى زیاتره‌وه‌ به‌رده‌وام بین له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر هێرش‌و داگیركارى‌و زیهنیه‌تێكى دواكه‌وت‌و پیاوسالار، تێكۆشان‌و پێشه‌نگایه‌تى ژنانى كورد به‌ تایبه‌ت دواى تێكشكاندنى هێزی تیرۆریستى داعش‌و شۆڕشى ژن، ژیان، ئازادى، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى كه‌ به‌ده‌ستمان خستووه‌ له‌ ئاستى جیهانیدا به‌ گه‌ردونى بووه‌، ئیتر هیچ سیاسه‌تێكى په‌راوێزخستن‌و توندوتیژ‌و پیاوسالارى نامانوه‌ستێنێت‌و بۆ گه‌یشتن به‌ ماف‌و ئازادیه‌كانمان‌و بوونیادنانى سیسته‌مێكى دیموكراتى‌و یه‌كسانى ئاماده‌ى هه‌رجۆره‌ قوربانیدانێكین.

 

له‌ كۆتای بەیاننامەکەدا هاتووە، "هۆشیاركردنه‌وه‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌‌و نه‌هێشتنى سوڵحى عه‌شایه‌رى‌و سه‌روه‌ربوونى یاسا‌و دانانى سزاى سه‌خت‌و لێپێچنه‌وه‌ى توند، به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ توندوتیژى به‌رامبه‌ر ژنان ده‌كه‌ن له‌ چوارپارچه‌ى كوردستان، له‌ خزمه‌تى به‌دیهێنانى خواست‌و ویسته‌كانى ژناندایە و هۆكارى بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى مه‌ده‌نى‌و ته‌ندروسته‌، جارێكى تر ته‌واوى ئه‌و ژنانه‌ى له‌ پێناو ئازادیمان گیانیان فیدا كردووە‌ به‌ بیر دێنینه‌وه ‌‌و بۆ بوونیادنانى ژیانێكى ئازاد‌و یه‌كسان تێكۆشانى هاوبه‌ش به‌هێزتر بڵندتر ده‌كه‌ین".