گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ١٤٥ ئاوارەی ئێزدی لە كامپی پەرسەفی یەك لە زاخۆ، بە ڕەزامەندی خۆیان گەڕانەوە بۆ سنووری شەنگال.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی بەرنامەكانی حكومەت و وەزارەتدا بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسییەی ئاوارەكان، ١٤٥ ئاوارەی ئێزدی لە كامپی پەرسەفی یەك لە زاخۆ بە ڕەزامەندی خۆیان بۆ شەنگال گەڕانەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەكان و كەلوپەلەكانیان بە هاوكاری ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ و بە هاوكاری ئیدارەی زاخۆ و شەنگال ئەنجامدراوە، ئەو ئاوارانەی كە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان پێداویستییە سەرەتاییەكانیان بۆ دابین دەكرێت.
لە كۆتاییدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، وەزارەتەكەمان بەردەوامە لە كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی لە بەرنامەی حكومەتدا هاتووە، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەكان بە ئارەزووی خۆیان و داخستنی دۆسییەی ئاوارەكان.