قەدەغەکردنی لەباربردن و ڕێگریکردن لە پشکنین فشارەکانی دایکانی زیاد کردووە

بە لابردنی یاسای پشکنین لە کاتی دووگیانی و قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لە ئێران، دیاردەی لەدایکبوونی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت زیادی کردووە، ئەمە جگە لەوەی فشاری دەروونی لەسەر بنەماڵەکان و بەتایبەتی دایکان چڕتر بووەتەوە.

سارا محەمەدی

 

جوانڕۆ- ئەو دایکانەی منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتییان دەبێت، لە ڕووی جەستەیی، دەروونی یان ڕەفتارەوە بەدەست فشارە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن، ئەو دایکانەی خاوەن کار یاخود فەرمانبەرن ئازارەکانیشیان دوو هێندەیە.

 

ئافاق ن. دایکی دوو کوڕە و یەکێک لە کوڕەکانی خاوەن پێداویستی تایبەتە، لەو بارەیەوە وتی: کوڕە گەورەکەم تەمەنی ١٦ ساڵە و دووەمیان تەمەنی ٩ ساڵە، هەمیشە حەزم دەکرد کچێکم هەبێت، لەبەر ئەوەی منداڵەکانی پێشووم ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبوونەوە، نەچووم بۆ پشکنینی کۆرپە کە لە نێوان هەفتەکانی ١١-١٣ ئەنجام دەدرێت، بەڵام پێش ئەوە چەندین پشکنینی سۆنەرم بە بەردەوامی ئەنجامدا و هیچیان دەستنیشانیان نەکرد کە کۆرپەکەم کێشەی هەیە، کاتێک چوومە کرماشان بۆ پشکنینی سۆنەر لە کۆتایی مانگی چوارەمی دووگیانیدا بۆم دەرکەوت کە منداڵەکەم تووشی کێشەیەک بووە لە بڕبڕەی پشتیدا کە ناتوانێت بڕوات یان دابنیشێت، پزیشک ئەم کێشەیەی کرد بە ڕاپۆرتێک و دەبوو بە ڕێگەیەکی یاسایی لەباربردن ئەنجام بدرێت.

 

سەرەڕای نەخۆشییەکەی، بەڵام واژۆ لەسەر ڕاپۆرتەکان نەکرا

ئافاق باسی لەوەشکرد، دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ، لیژنەی پزیشکی کە لە ٤ پزیشک پێکهاتووە، ڕایانگەیاند، ئەگەری چاکبوونەوەی منداڵەکە ٪٨٠یە، ئەگەری ئەوە هەیە کە بڕبڕەی پشتی تووشی کێشانی بڕبڕەی پشت بێت کە بە نەشتەرگەری دوای چەندین ساڵی دیکە ئەگەری چارەسەری هەیە و واژۆیان لەسەر ڕاپۆرتەکە نەکرد تا لەباربردن بکەن، "بەڵام ئێستا کە کەمێک گەورە بووە، هەر توانای جوڵەی نییە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای لەدایکبوونی کوڕەکەی، باری داراییان خراپ بووە، چونکە تێچووی چارەسەرکردنیان زۆر بووە، دوای دوو مانگ بۆی دەرکەوتووە کە کوڕەکەی توانای بیستنیشی نییە و لەگەڵ گەورەبوونیدا قۆڵ و قاچەکانی شێوەیان گۆڕاوە و ناتوانێت ئیدی دابنیشێت، ئافاق دەشڵێت: دوای سەردانی پزیشکەکان، پێیان وتم کە هیچ چارەسەرێک نییە و دەبێت سەبر بگرێت تا دەزانن ئایا بە یارمەتی چارەسەری فیزیایی فیزیکی باشتر دەبێت یاخود نا، هەروەها لە تەمەنی یەک ساڵیدا، دوای ئەنجامدانی سۆنەر، بۆمان دەرکەوت کە میزڵدانی منداڵەکەمان پڕ بووە لە بەرد و پێویستی بە نەشتەرگەری و لابردنی میزڵدان هەیە، هەرگیز نەمبیستبوو منداڵێکی تەمەن یەک ساڵان بەردی هەبێت و پزیشکەکان وتیان کە ئەم حاڵەتە زۆر دەگمەنە.

 

بە هەڵسەنگاندنی هەڵەی پزیشکی کۆرپەیەکی خاوەن پێداویستی تایبەت لەدایکبوو

ک.ب.، تەمەنی ٣٨ ساڵە و دایکی منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەڵێت: بەهۆی پەیوەندی خێزانیمان و بوونی کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت تیایدا، من و هاوژینەکەم پێش ئەوەی منداڵەکەمان هەبێت، پشکنینی پێویستمان ئەنجامدا و دەرئەنجامەکەش ئەوە بوو کە ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نابینەوە لە منداڵبووندا، کاتێک دووگیان بووم، دڵەڕاوکێم زیاتر بوو و پشکنینی پێویستم بۆ کرا و یەکەم منداڵمان بە تەندروستییەکی باشەوە لەدایک بوو، لە دووگیانی دووەممدا هەموو پشکنینەکانم ئەنجامدایەوە، پێیان وتم کە کۆرپەکەم ئاسایی نییە و لەوانەیە کێشەی هەبێت، پێویستە دوو هەفتە چاوەڕێ بکەم و دووبارە پشکنینەکانم بۆ بکرێتەوە، دوای ئەوەی بۆم دەرکەوت کە کۆرپەکە کێشەی هەیە، یەکسەر بڕیاری لەباربردنم دا، بەڵام وتیان پێدەچێت کێشەکە بە دەرمان چارەسەر بکرێت و من بۆ ماوەیەک لە ژێر چاودێری پزیشکێکدا بووم و هەموو شتێکم کرد کە دەیانوت.

 

ک.ب. لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد، پزیشکەکان پێیان وتووە کە کێشەی کۆرپەکە کەمبووەتەوە، وتیشی: هەستم بە کەمێک هێوربوونەوە کرد، بەڵام هەندێک دڵەڕاوکێم هەبوو تا کچە ٧ مانگەکەم لەدایک بوو. بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ خستیانە ناو شووشەوە، پێیان وتم کچەکەم ناتوانێت گەشەکردنی جووڵەیی و مەعریفی هەبێت و تەنها لە ڕووی جەستەییەوە گەشە دەکات، ئێستا کچەکەم تەمەنی ١٤ ساڵە و پزیشکەکانیش پێیان وتم کە تا تەمەنی ١٨ ساڵ دەژی، بەهۆی ئەوەی دەچمە سەر کار، پەرستارێکم بۆ کچەکەم دامەزراندووە، هەر ساڵێک کە تێدەپەڕێت و ١٨ ساڵەی لەدایکبوونی نزیک دەبێتەوە، هەست بە دڵتەنگی زیاتر دەکەم، خۆزگە پێش ئەوەی لەدایکببێت، حەبی لەباربردنم بخواردایە، چونکە خۆم و کچەکەمم ئەشکەنجە دا.

 

ئا.ن.  تەمەنی ٣٤ ساڵە و دووگیانە بە منداڵی دووانە، لە یەکێک لەو پشکنینانەی کە ئەنجامی داوە دەرکەوتووە یەکێک لە کۆرپەلەکان تووشی کێشە بووە و کۆرپەی دووەمیش تەندروست بووە، لەم بارەیەوە دەڵێت: زۆر نیگەرانم، من هەموو پشکنینی پێویستم کردووە بۆ ئەوەی منداڵێکی تەندروستم ببێت، لەبەر ئەوەی لە خێزانی هاوسەرەکەمدا کەسانێک هەن کە پێویستی تایبەتیان هەیە، پێش دووگیانبوونیشم پشکنینی بۆماوەییم بۆ کراوە، ئێستاش دەڵێن نابێت لەبارببەم، چونکە ڕەنگە کۆرپەلەیەکی تەندروست زیانی پێبگات، سەرەتا پێیان وتم کە کۆرپەی دووەم لەبار دەبەن، بەڵام ئێستا دەڵێن بە دەرمان گەشەکردنی ڕادەگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە سەلامەتی کۆرپەی دووەم لەدایک ببێت، نازانم چی بکەم، دەمەوێت هەردوو کۆرپەکەم لەبار ببەم تا رێگری لەوە بکەم منداڵێک لەدایک ببێت کە خاوەن پێداویستی تایبەت بێت.