یونیسێف: سودان ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی منداڵان دەبێتەوە

دوای ٨ مانگ لە دەستپێکردنی شەڕ، ڕێکخراوی یونیسێف داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە ناکۆکەکانی سودان کردووە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە و بەدوای چارەسەری کێشەکانی ملیۆنان منداڵدا بگەڕێن.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەم، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند شەڕی بەردەوام لە سودان نەوەیەکی زۆر لە منداڵان لە لێواری قەیراندا جێدەهێڵێت، سودان ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی منداڵان دەبێتەوە.

 

ڕێکخراوەکە داوای لە لایەنەکانی شەڕی سودان کرد هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە و بەدوای چارەسەری کێشەکانی ملیۆنان منداڵ و خێزاندا بگەڕێن کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە کابوسێکی بێ بەزەییدا دەژین.

 

سودان ئەمڕۆ ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی منداڵان دەبێتەوە لە جیهاندا، زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵ بەهۆی توندوتیژییە بەربڵاوەکانەوە ئاوارە بوون لە گەڕان بەدوای سەلامەتی و خۆراک و پەناگە و چاودێری تەندروستیدا، زۆربەیان لە ناو سوداندان، هەروەها سەدان هەزار کەس لە کامپە کاتییەکانی دەوروبەری وڵاتانی دراوسێدا داوای پەنابەرییان کردووە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان کوتانی ڕۆتینییان نییە دژی ئەو نەخۆشییانەی کە دەبێت ڕێگرییان لێبکرێت، ٧٠٠ هەزار منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، ئەمەش دەیانخاتە مەترسی گیان لەدەستدانەوە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، پێویستە ئاو و ژێرخانی تەندروستی بەگوێرەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بپارێزرێن.

 

نزیکەی ١٤ ملیۆن منداڵ لە سودان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان، زۆربەیان بەردەوام لە ترسی کوشتن و برینداربوون و بەکارهێنان لەلایەن چەکدارەکانەوە دەژین.