مامۆستایان جەخت لەسەر درێژەدان بە بایکۆت دەکەنەوە

ڕێپێوانی ئەمڕۆی مامۆستایانی شاری سلێمانی و دەوروبەری جەختی لە بەردەوامیدان بە بایکۆتی چوونە هۆڵەکانی خوێندن کردەوە و مامۆستایان ڕایانگەیاند، تا جێبەجێ کردنی داواکانمان بەردەوام دەبین لە بایکۆت.

سلێمانی

 

بە دروشمی "بایکۆت، بەردەوامە"، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مامۆستایان لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا لە شاری سلێمانی گردبوونەوە و بە وتنەوەی دروشم بەرەو دادگای سلێمانی ڕێکەوتن.

 

گردبوونەوەی ئەمڕۆی مامۆستایانی شاری سلێمانی جەخت کردنەوەیان بوو لەسەر بەردەوامی دان بە بایکۆت، تا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا شایستە داراییەکانیان دەدات و داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن

 

هەر ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی، لەبەردەم کەمپی نوێی زانکۆ گردبوونەوە و بەیاننامەیەکیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە، بەردەوامیان لە بایكۆتی پڕۆسەی خوێندن ڕاگەیاند و جەختیان کردەوە، تا شایستە داراییەكانمان بۆ دابین نەكرێت، بەردەوام دەبین لە بایكۆت، هەروەها بۆ پشتیوانی لە مامۆستایانی ناڕازیی بە ڕێپێوان بەرەو بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانیش بەڕێكەوتن.

 

جێی ئاماژەیە لە دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵدا مامۆستایان بایکۆتی چوونە هۆڵەکانی خوێندنیان ڕاگەیاند، کە تا شایستە داراییەکانیان دابین نەکرێت، ئامادە نین دەست بە وتنەوەی وانە بکەن، ئەم بایکۆت کردنەش لە هەرێمی ڕاپەڕین، گەرمیان، سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوامە.