٤٦ ڕۆژنامەنووس لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گیانیان لەدەستداوە

ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٤٦ ڕۆژنامەنووس.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و نیشتەجێگاکان لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە هەموو ڕۆژێک خراپتر دەبێت، بەپێی دوایین بەیاننامەی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە: ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٩ هەزارو ٥٠٠ کەس، لەنێویاندا سێ هەزارو ٩٠٠  منداڵ و دوو هەزارو ٥٠٩ ژن هەن.

 

نەخۆشخانەکان و خوێندنگەکان زیانیان بەرکەوتووە و هەزاران بینا وێران بوون

هێرشەکان زیانیان بە ٥٥ مزگەوت و سێ زانکۆ و سێ کڵێسە و سێ بینای سەر بە وەزارەتی کۆمەڵەو ١٦ نەخۆشخانە و ٣٢ بنکەی تەندروستی و ٢٧ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و ١٠٥ بنکەی تەندروستی گەیاندووە، لە هێرشەکەدا ٢٢٠ هەزار بینا و ٨٨ بینای حکومی زیانیان بەرکەوتووە یان کاریان تێدا ناکرێت، بە تەواوی 40 هەزار بینای وێرانکراون، ٢٢٠ خوێندنگە داخران و ٦٠یان بە تەواوی بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە.

 

٤٦ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا ٤٦ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە، کە ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان بەهۆی بۆردومانەوە لەگەڵ خێزانەکانیان گیانیان لەدەستداوە، لە کۆمەڵکوژی گەلی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەندامانی ڕاگەیاندن کوژراون و دەستگیرکراون و ماڵی ڕۆژنامەنووسان بە مەبەست کراونەتە ئامانج.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: داگیرکەران بەهۆی بەئامانجگرتنی مەدەنییە فەلەستینییەکان، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی لە دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراون، وەک داگیرکاری خوێناوی و تیرۆری سیستماتیکی دژی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی، دەبێت لە دادگایەکی نێودەوڵەتی دادگایی بکرێت بە تۆمەتی تاوانی جەنگ دژی ئەندامانی ڕاگەیاندنی فەڵەستینی، چوار ژن لەناو ئەو ٤٦ ڕۆژنامەنووسەن کە گیانیان لەدەستداوە.