لە کامپی تل ئەلسەمین چادرەکان گۆڕاون بۆ مۆزایکی پێکهاتەکان

کۆچبەران لە کانتۆنی گرێ سپی داگیرکراوەوە کە کورد و عەرەب و تورکمان پێکەوە لە کامپەکەدا دەژین، چادرەکانیان کردووەتە مۆزایکێک کە نوێنەرایەتی شارەکەیان دەکات.

بەرچەم جودی

 

عەین عیسا- جوگرافیای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەوڵەمەندە بە پێکهاتە هەمەجۆرەکانی وەک کورد، عەرەب، ئەرمەنی، تورکمان، چەرکەز، ئاشووری و سریانی کە پێکەوە دەژین، ئەم پێکهاتانە چەندین ساڵە ڕووبەڕووی سیاسەتی قڕکردن بوونەتەوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، لەگەڵ شۆڕشی ١٩ی تەمووز کە لەسەر بنەمای پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزراوە، هەموو پێکهاتەکانی خاوەن ڕەنگ و کولتوور و زمان و ناسنامە کۆدەکاتەوە، ئەم دەرفەتە کرایەوە بۆ هەموو پێکهاتەکان بۆ ئەوەی گفتوگۆی نزیک و ناسینەوە و قبوڵکردنیان هەبێت.

 

ئێستا دەکرێت باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک مۆزایکی گەلان وەسف بکرێت، چونکە لە زۆربەی شارەکاندا ژیانی کۆمەڵایەتی و پێکەوەیی پێکهاتەکانی ناوچەکە وێنەیەکی بەرچاوە.

 

یەکێک لەو ناوچانەی کە بە ٤ پێکهاتەکە ناسراوە کانتۆنی گرێ سپییە لە ناوچەی فورات، کە تێیدا کوردەکان، عەرەبەکان، ئەرمەنییەکان و تورکمانەکان پێکەوە دەژین، دانیشتوانی گرێ سپی کە لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە لە پرۆسەی هێرشەکانی سوپای ئازاد، جەبرەت ئەلنوسرە و چەتەکانی داعشدا ژیاون، لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥، لە لایەن یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" و یەکینەکانی پاراستنی "یەپەگە" لە چوارچێوەی هەنگاوی شەهید ڕووبار ئازادکراو گرێ سپی وەک کانتۆنێک ڕاگەیەندراو لە لایەن خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکەوە بەڕێوەدەبرێت.

 

پێش ئەوەی گرێ سپی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیەوە داگیر بکرێت لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، ئێمە چەند جارێک وەک ئاژانس سەردانمان کرد و کاری تایبەتمان ئەنجام دا، گرێ سپی لە ڕووی جوگرافییەوە بە ناوچەیەکی بچووک ناسراوە، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە ئەوەندە دەوڵەمەندە کە کاتێک کەسێک بە شەقامەکانیدا دەڕوات، جیاوازی نێوان زمانەکان، ڕەنگەکان و کولتوورەکان دەبینێت، لە گوندی حەمام ئەل تورکمان و گرێ زەلبا گەڕەک و کڵێسای ئەرمەنی، ناوچەی سلوگ و کانی عەین ئەروس، هاوکاری نێوان پێکهاتەکان دەبینیت و دەتوانیت شیکردنەوەیەکی لەو شێوەیە کە یەکگرتوویی چوار پێکهاتەکە نیشان دەدات ببینیت.

 

لەگەڵ داگیرکردنی گرێ سپی، خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کەمپی تل ئەلسەمینی لە شاری ڕەققە دامەزراند، هەمان ئەو وێنەیەی کە پێکهاتەکان لە وڵاتەکەیاندا نیشانیان داوە، لە کامپەکەدا بەهەمان شێوەیە بە واتایەکی دیکە، دەتوانین بڵێین ئەو کۆمەڵایەتییەی کە خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاراستووە لە کامپەکانیشدا هەیە.

 

"لە کامپەکەدا پێکەوە کۆبووینەتەوە"

میرجان حاجی ئیبراهیم، کە لە بنەڕەتدا کوردە، وتی: لە گوندەکانی کانتۆنی گرێ سپی دەژیاین و لەگەڵ داگیرکاریدا ناچار بووین کۆچ بکەین، بەهۆی دەوڵەتی تورکیاوە، بەبێ وەستان بۆردومانی کانتۆنی کردو کردیە ئامانج، لەو کاتەدا خەڵکێکی زۆر کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون، لەنێویاندا منداڵ، ژن و گەنج، چوار ساڵە لە کامپەکەدا دەژین، بێگومان کۆچ زۆر قورسە، بەڵام ئەوەی بووەتە هۆی ئارامیمان ئەوەیە کە پێکەوە کۆبووینەتەوە، وەک گەلی کورد لە هەموو ناوچەکانی ئێستادا پێکەوە دەژین و جیاوازی لە نێوانماندا نییە، پێش ئەوە، ئێمە پێکەوە بووین، بەڵام بە بۆچوونی من، هاوکاری لە کامپەکە بەهێزتر بوو و زیاتر یەکترمان ناسی.

 

سیستمی کامپەکە ڕوون و ئاشکرایە کە هەر چادرێک لەبەردەم ئەوی دیکەیە، بۆیە بە شێوەیەکی سروشتی، کەسێک دەتوانێت پەیوەندییەکی بەهێزتر لەگەڵ دراوسێکان دروست بکات، کاتێک بەناو کامپەکەدا پیاسەمان کرد، زۆر تێبینی دەکرا کە تورکمانەکان، کوردەکان و عەرەبەکان لە گەڕەکێکی بچووکدان تەنانەت فێری زمانی یەکتر بوون، ژنان لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە و بەیەکەوە یارمەتی یەکتریان دەدا، دەربارەی یادەوەرییەکانیان دەربارەی گرێ سپی و هیوای گەڕانەوە بۆ وڵاتێکی ئازاد قسەیان دەکرد، هەروەها ئەو ڕۆژەی کە ڕۆیشتین، باران دەباری کە زۆرێک لە چادرەکان لەژێر ئاودا بوون، بەیەکەوە ژنەکان چادرەکانیان خاوێن کردەوە و ماڵی یەکتریان نۆژەنکردەوە.

 

هەروەها منداڵەکان لە هاوڕێیەتییەکی هاوبەشدا بوون، بەیەکەوە دەچوون بۆ قوتابخانە، لە ماڵەوەو دەرەوە یارییان دەکرد، منداڵانی کامپەکە کە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، لە هەموو ساتێکدا زەردەخەنە لەسەر لێوەکانیان هەیەو خۆشەویستییان هەیە بۆ ئەوەی لە دەوری کامێراکان کۆببنەوە و دەیانەوێت قسە بکەن.

 

"زێدی خۆمان لە چادردا دروستکردووە"

مەها مەلە کە تورکمانە، ئاماژەی بەوەکرد بە یەکگرتن گرێ سپییان نوێ کردووەتەوەو وتی: ماڵەکەم لە حەمام ئەل تورکمان بوو، وەک تورکمان لەوێ دەژیاین، بەڵام گفتوگۆمان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە هەبوو، بەکۆچکردن، هەموو بارودۆخەکانی ژیانمان گۆڕاوە، بەڵام ئەوان هاوکاری خۆیان پاراستووە، لە ڕاستیدا لە چادرداین، بەڵام ئەوانەی سەردانی کامپەکە دەکەن هەست دەکەن کە چوونەتە ناو گرێ سپی، کاتێک گرێ سپی ئازاد دەکرێت، ئێمەش ئەم وێنەیە دەگوێزینەوە کە لە کامپەکەدا دروستمان کردووە بۆ شارەکەمان و لە شوێنەواری داگیرکردن پاکی دەکەینەوە.

 

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا دانیشتوانی گرێ سپی داگیرکراو لە کامپی بەرخۆداندا دەژین سەرەڕای ئەو پەرۆشی و چاوەڕوانییەی کە ڕۆژێک دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.