لە ساڵێکدا؛ ١٢٧ حاڵەتی خۆکوشتن کە ٤٢یان ژن بوون لە سووریا تۆمار کراوە

لە سووریا حاڵەتەکانی خۆکوشتن کە دەیان پاڵنەری هەیە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیادبوونی بەخۆوە بینیوە، بە تایبەت لەناو ئەو گروپە گەنجەدا کە زۆربەیان پەنا بۆ کۆچکردن دەبەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پارێزگاکانی سووریا شایەتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوشتن بوون، کە لانیکەم لە ماوەی ساڵێکدا ١٢٧ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و بەشێکی زۆریان گەنجن، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانانەی ماوەی ١٢ ساڵە وڵاتەکەی پیادا تێدەپەڕێت.

 

زاهر حاجۆ، سەرۆکی دەستەی گشتیی پزیشکی دادوەری سووریا، ئەمڕۆ، ٢٩ی تشرینی یەکەم لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ژمارەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تۆمارکراون، گەیشتووەتە ١٢٧ حاڵەت و ٤٢ حاڵەتیان ژنە، خۆکوشتنی ئەو گەنجانەی لە خوار ١٨ ساڵەوەن ٣٣ حاڵەتە و ١٥یان کچن.

 

لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکان، ئەمساڵ ڕێژەی خۆکوشتن لە سووریا دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە، بەو پێیەی ئامارەکانی پزیشکی دادوەری تائێستا ١٢٧ حاڵەتی خۆکوژی تۆمار کردووە، کە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٤٠ حاڵەت تۆمار کراوە.

 

سەرۆکی دەستەی گشتیی پزیشکی دادوەری سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، ٣٣ حاڵەت لە دیمەشق و گوندەکانی، ٢٣ حاڵەت لە حەلەب، ١٨ حاڵەت لە لازقییە، ١٨ حاڵەت لە تەرتوس، ٤ حاڵەت لە درعا، لە قەنیترە یەک حاڵەت، ١١ حاڵەت لە حەمما، ٦ حاڵەت لە حمس و ١٣ حاڵەت لە سوەیدا تۆمار کراوە.