بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە ٥ ژن بریندار بوون

بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ٥ ژن بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەبێ وەستان بۆردوومانی بۆسەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد کردووە و ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

 

 سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ٩ی تشرینی یەکەم، لە بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بۆ سەر گوندی بەشیرەی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی زرگانی سەر بە شاری دربەسپی، پێنج ژن، کە لە ناو زەوییە کشتوکاڵییەکانی پەموودا کاریان دەکرد بریندار بوون.

 

ناو و تەمەنی بریندارەکان ئاشکرا کراوە، بریتین لە ڕیکسا فەوزی تەمەن ٥٠ ساڵ، خەدیجە عیدان ئەلتەمر تەمەن ٤٠ ساڵ، فەرەح عەدنانی تەمەن ٢٥ ساڵ، زێنە حەمید تەمەن ٢٠ ساڵ و جومانە حەمیدی ١٢ ساڵ.

 

سەرەتا بریندارەکان براونەتە نەخۆشخانەیەکی تربەسپی، لەوێشەوە ڕەوانە کراون بۆ نەخۆشخانەی شاری حەسەکە.