ژنان داوای وەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن
دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هاوڵاتیانی باشووری کوردستانیش بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لە بارەگای نوێنەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار، دایکانی ئاشتی و دەستەی دەستپێشخەری ژنان کوردستان لە داگیرکاری دەپارێزن کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بەیاننامەی هاوبەشی کۆنگرەی ستار و دایکانی ئاشتی لەلایەن فەوزیە عەبدولکەریمەوە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا ڕۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکات و بووەتە هۆی چۆڵکردنی چەندین گوند و شەهیدکردنی چەندی کەس، بێشەرمانە ڕایدەگەیەنێت کە بەردەوام دەبێت لە هێرشە داگیرکارییەکانی، هەرێمی کوردستان و عێراق و دەوڵەتە زلهێزەکان بێ دەنگن بەرامبەر بەم هێرشانە، داوا لە کەسانی ئازادیخواز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین یەکگرتوو بن و دژی ئەم هێرشانە بوەستنەوە.
دواتر بەیاننامەی دەستەی دەستپێشخەری ژنان کوردستان لە داگیرکاری دەپارێزێن لە لایەن شاتوو محەمەدەوە خوێدرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوەیە و چەندین کەسی لێ شەهید و بریندار کردوون، ئێمە وەکو ژنانی باشووری کوردستان ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین و داوا لە خەڵک دەکەین هەڵوێستیان هەبێت بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە.