گەشە نەخشین: هەر شتێک بەهای ئازادی مرۆڤی تیادا نەبێت هەرەس دێنێت

ئەمڕۆ لە یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" باوکی ژینا ئەمینی، کە بە دەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران کوژرا، دەستگیر کرا، هەروەها گەشە نەخشین حەفید لە نووسینێکیدا دەڵێت: تاڵە پرچەکانی ژینا کڵپەی شۆڕش بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٦ی ئەیلوول ساڵێک بەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی، کە بە دەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران ئەشکەنجە درا، تێپەڕ دەبێت، لە چوارچێوەی سەرکوتکردن و هەڕەشەکانی دەسەڵات بۆ فشار خستنە سەر خۆپیشاندەران و کەسوکاری قوربانیان، لەمڕۆدا باوکی ژینا ئەمینی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کرا.

 

ئەمڕۆ ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێراندا بە شێوەی چالاکی جۆراوجۆر، وەک مانگرتنی سەرتاسەری و داخستنی بازاڕەکان بەڕێوە دەچێت، لە جیهانیشدا بە هەڵمەتی هاشتاگ و ڕێپێوان پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران دەکرێت.

 

ژنانی باشووری کوردستان پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا دەکەن و گەشە نەخشین حەفید، نووسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکی خۆی بڵاوکردووەتەوە، نووسیویەتی: تاڵە پرچەکانی ژینا کڵپەی ئەو شۆڕشە بوو، بەشێک لە شکۆی ژنی کورد و ژنی ئازادیخوازی گەلانی ئێرانی گێرایەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دیارە گۆڕانکاری کولتوور قوربانی زۆری دەوێت، بە تایبەت کاتێك بە زەبری ئاسن و ئاگر سەپێندرابێت و بووبێت بە شووناسی ڕژێمێکی دیکتاتۆر و خۆسەپێن، بەڵام ئەوەی من لە گەشتێکمدا مانگێک لەمەوپێش بۆ شاری تاران بەدیم کرد، کە هێشتا لاشەی ژینا چۆراوگەی خوێنی لێ دەتکا، هەندێ لە  کچان و ژنان ئازادتر لە جاران دەچوون و دەهاتن، پیاسەی سەر شەقام وکۆڵان و یاخود  پارکەکان و دانیشتن لە ڕێستورانتەکان بێ ڕووپۆشی بەزۆر سەپێندراو دەگوزەراند.

 

لە نووسینەکەیدا ئەوەشی وتووە: لەو مەودا کورتە کاریگەری شۆڕشی ژینام بەدیکرد، کە چ پەیامێکی بۆ مرۆڤایەتی بەجێهێشت ئەویش ئەوەیەکە هەر شتێک بەهای ئازادی و هەڵبژاردنی ئازادانەی خودی مرۆڤ خۆی تیادانەبێت، هەر دادەڕمێ و هەرەس دێنی، ئەگەر لە  هەلومەرج و زەمینەی لەبار مرۆڤی ئازا و ئازد و بە ئیرادەی بۆ هەڵکەوێت.