٧ زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەڤین چالاکییان دەستپێکرد

٧ ژنی زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەڤین ڕایانگەیاند، بۆ پشتیوانیکردنی ساڵیادی ڕاپەڕین دەستیان بە چالاکی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

٧ ژنی زیندانی سیاسی کە لە زیندانی ئەڤینی ئێران دەستگیرکراون، بەبۆنەی ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ١٤ ئەیلوولەوە لە حەوشەی زیندانەکەدا دەستیان بە چالاکی کردووە، دەستگیرکراوەکان بە ناوی ئازادە عەبدینی، سپیدە قالیان، شاکیلا مونفەرەد، گۆلروخ ئیرای، نێرگس محەمەدی، مەحبوبە ڕەزایی و ڤیدا ڕەبانی، لە پەیامێکدا کە لەسەر هەژماری نێرگس محەمەدی، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بڵاوکراوەتەوە، هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.

 

"بەردەوام دەبین لە تێکۆشان تا ساتەوەختی سەرکەوتن"

ڕاگەیاندنی پلاتفۆڕمی میدیایی دیجیتاڵی ئینستاگرام بەم شێوەیەیە، "ئێمە وەک ژنانی زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەڤین لە ١٤ی ئەیلوولەوە خۆپیشاندانێکمان لە حەوشەی زیندانەکە ئەنجام داوە و پشتیوانی گەلەکەمان دەکەین و حکومەت شەرمەزار دەکەین.

 

ساڵێک بەسەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بەدەستی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێدەپەڕێت، ڕق و کینەی ئێمە بەرامبەر بە شەهیدکردنی کوڕان و کچانی وڵاتەکەمان لە شەقامەکان و زیندانەکان و کوێرکردنی خۆپیشاندەران و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی ئەوانەی بەرگری دەکەن دەبیتە برینێک لەسەر ڕۆحمان، ئێمە ئەو پاڵنەر و باوەڕەمان هەیە کە بەردەوام دەبین لەتێکۆشان تا ساتی سەرکەوتنمان.

 

لەگەڵ ئێران و گەلی کورد یەکدەگرین

وەک ژنانی زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەڤین پشتیوانی لە گەلی ئێران دەکەین کە بۆ ئازادی و یەکسانی تێدەکۆشن، ناڕەزایەتی لە دژی سیاسەتی توندوتیژی و سەرکوتکەر و دڕندانەی ئایینی دەسەڵاتدار دەردەبڕین، لە ١٤ی ئەیلوولەوە، هاوکات لەگەڵ گەلی کورد و ئێران لە حەوشەی زیندانی ژنانی ئەڤین چالاکی ئەنجام دەدەین. داوا لە هەموو ڕای گشتی و گەلانی دیموکرات دەکەین کە ببنە دەنگی گەل و خۆپیشاندەرانی ئێران".