"ئەو ئازادییەی لەسەر دیوارەکانی مێشکم نووسیومە، ئەمڕۆ لەسەر دیوارەکانی شارەکە دەینووسم"

نەشمیل.م بە بوێری دروشم لەسەر دیوارەکانی شارەکەی دەنووسێت و دەڵێت: ئەو ئازادییەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر دیوارەکانی مێشکم نووسیومە، ئەمڕۆ لەسەر دیوارەکانی شارەکە دەینووسم.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە-نەوەکانی پێشوو تووشی جۆرێکی جیاوازی چەوسانەوە بوون لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا، ئەمەش وای لێکردن بیرۆکەیەکی جیاوازیان هەبێت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ستەم، جیاوازی نێوان بەها هزرییەکانی ئەم نەوەیە و ئەو جیهانەی تێیدا دەژی، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووڕەیی و ڕاپەرین.

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەل، ژنان و گەنجان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن لە نووسینی دروشمەکانیان لەسەر دیوارەکان سەرەڕای ئەو فشار و هەڕەشەیەی لەلایەن حکومەتەوە پێیان دەگات، زۆرترین دروشمی سەر دیوارەکان تیشکخستنە سەر ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"ە.

 

نەشمیل.م کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ کە بە بوێری و ئازادی لەسەر دیوارەکانی شارەکە دروشم دەنووسێت، وتی: هیچ زمانێکی هاوبەش لە نێوان ئێمە و کچانی نەوەی نوێ و ئەم بکوژانەدا نییە، نامانەوێت خۆمان بدەینە دەست کۆنترۆڵی ئەوان و ناچارمان بکەن بە نەریتەکانیان بژین، ئێمە دژی حیجاب و حوکمی دیکتاتۆریین.

 

دروشمی ئازادین و چەندین ساڵە لەسەر دیوارەکانی مێشکم دەیاننووسم"

سەبارەت بە نووسینی دروشم لەسەر دیوارەکانی شارەکە، وتی: لەوانەیە بە نووسینی دروشم لەسەر دیوارەکانی شارەکە، بتوانم ئەم تۆڵەکردنەوەیە بۆ هەمیشە بسوتێنم و یادی قوربانیانی ڕاپەڕینەکەی شارەکە بکەمەوە، هەرچەندە حکومەت باوەڕی وایە کە بە سڕینەوەی دروشمەکان ئەم ئاگرە سووتاوە دەکوژێتەوە، بەڵام ئەوانە دروشمی ئازادین و چەندین ساڵە لەسەر دیوارەکانی مێشکم دەیاننووسم و تەنها ئەوانەی بەم ئاگرە دەسووتێن ئەو ستەمکارانەن کە ژیانمانیان کردووە بۆ خۆڵەمێش.

 

"هیچ کارێک بۆ ئێمە نییەو هیچ سەنتەرێک بۆ پەروەردەی خێزان و گەنجان نییە"

نەشمیل.م وتیشی: هەژاری بە هەموو لایەنەکانیەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەکات، لە هەژاری ئابوورییەوە بۆ کولتووری، لەم شارۆچکە بچووکەدا هیچ کارێک بۆ ئێمەی کچان نییە، ئێمە نزمترین کرێمان هەیە لە شوێنی کاردا، هەموو ڕۆژێک هەواڵی کوشتنی ژنان دەبیستین و هیچ سەنتەرێک لە شارەکەماندا نییە بۆ یارمەتیدان و پەروەردەکردنی خێزان و گەنجان،  ئێمە هیچ داهاتوویەکمان نییە و هیچ کارێکمان نییە، کەواتە ئەم جەنگە لە سەرەتاوە بۆ ئێمە نایەکسان بووە و دەبێت قەرەبووی بکەینەوە، لە ناوەڕاستی ئەم ژیانەدا دەسووتێین و هیچ هیوایەکمان بۆ داهاتوو نییە، بەڵام دەمانەوێت تێبکۆشین و بوێری بۆ جیهان نیشان بدەین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاپەڕینی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستکەوتی مێژوویی و بێوێنەی هەیە، چونکە ڕەگی لە دڵی کۆمەڵگە و دیموکراسیدا هەیە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕینەوە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران بە چەقۆ و داری کارەبا و تەقەکردن و سەدان ڤیدیۆی کوژراو و بریندار کە لەسەر شەقام کەوتبوون یان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیشکیەکان بڵاوکرایەوە.