سلێمانی، لە ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا سیمینارێک پێشکەشکرا

ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ ساڵیادی دەستگیرکردنی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری سلێمانی سیمینارێک پێشکەشکرا.

سلێمانی

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار و بە بۆنەی ساڵڕۆژی دەستگیرکردنی ژینا ئەمینی و دەستپێکتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سیمینارێک بۆ هەریەک لە ڕۆزەرین کەمانگەر، وتەبێژی کۆمیتەی دیبلۆماسی کەژار، چیمەن جەوانروودی، ئەندامی ڕێکخراوی ئاسۆی ژن و کانی کەرەمپوور، ئەندامی کۆمەڵە ڕێخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕێکخرا.

 

سیمینارەکە بە بەشداری کەسانی سیاسی و ئازادیخواز و چالاکوان و بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر سینەفزیۆنێک لەسەر مێژووی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەشکرا.

 

"لەپێناو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەزاران قوربانی دراوە"

لە سیمینارەکە کانی کەرەمپوور، ئەندامی کۆمەڵە ڕێخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئاماژەی بەوەکرد، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئازادیان نییە لەبەر ئەو دەسەڵاتەی ڕژێمی ئێران پەیڕەوی دەکات، ژینا ئەمینیش وەکو یەکێک لەو ژنانە کرا بە قوربانی، بۆیە بنەماڵەی ژینا بێدەنگییان قبوڵ نەکرد، ئەمە و قوربانیدانی چەندین ژن بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشەلە تەواوی جیهان بە پێشەنگایەتی ژنان، ئەم شۆڕشەدا ١٠ هەزار برینداری هەیە تا ئێستا و زیاتر لە ٧٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، وە ئێستاش نزیکەی ٤٠ هەزار کەس زیندانین و چارەنووسی بەشێکیان نادیارە.

 

لە درێژەی سیمینارەکەدا چیمەن جەوانروودی، ئەندامی ڕێکخراوی ئاسۆی ژن، ڕوونی کردەوە، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بووە بە شۆڕشێکی جیهانی، چونکە پرسی ژن پرسێکی جیهانی و مێژووییە، یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یە لە دوای شەهید کردنی ژینا ئەمینی ترساندنی رژێمی ئێرانە لە ئیرادەی ژنان و هەمیشە بە دوای کپکردنی دەنگی ئەو ژنانەدا دەگەڕێت کە داوای ئازادی دەکەن، ئێستە ئەو سەردەمە نەماوە ژنان لە ماڵەوە بچەوسێنرێنەوە و نەتوانن داوای مافی خۆیان بکەن، ژنان ئێستا کۆیلایەتی قبوڵ ناکەن.

 

"سەرەڕای ئاستەنگییەکان شۆڕش هەر بەردەوامە"

لە کۆتاییدا ڕۆزەرین کەمانگەر، وتەبێژی کەژار، ئاماژەی بەوەکرد، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" شۆڕشێکی زهنیی و فکرییە کە دەستی بردووە بۆ کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە و تەنها بۆ چین و توێژێک نییە، بەڵکو پەناگەی هەموو نەتەوەکانی جیهانە، ماوەی یەک ساڵە سەرەڕای هێرشەکان شۆڕش هەر بەردەوامە، چونکە ڕێگاکانی بەردەوامیدانمان بە شۆڕش ئاسان کرد، هەر بۆیە لە منداڵی ٧ ساڵ تا ژنی ٧٠ ساڵ دروشمی ژن، ژیان، ئازادیان دەوتەوە، لەسەر مەزارگەکان لە جیاتی گریان سەما دەکرا، بۆئەوەی بڵێن ئاهەنگی ئازادی و خەبات بەردەوامە.