زیندانیانی ئەڤین: مانگرتن ڕابگرن، بۆ ئەوەی پێکەوە خەونەکەمان بەدیبهێنین

ژمارەیەک لە زیندانیانی زیندانی ئەڤین پەیامێکیان بڵاوکردەوە و داوای کۆتاییهێنان بە مانگرتن لە خواردنیان لە بەهارە هیدایەت کرد و دەڵێن: هەر ڕۆحێک کە خۆراکی بیری ئازادی بدات، بەشێکە لە جەستەی ئازادی.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٢ی ئەیلوول، بەهۆی مانگرتن لە خواردنی بەهارە هیدایەت و خراپبوونی دۆخی تەندروستی و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەشێک لە زیندانیان ژن لە زیندانی ئەڤینەوە، پەیامێکیان بۆ بەهارە هیدایەت نارد و داوای وەستاندنی مانگرتن لە خواردنیان کرد، تا بتوانن پێکەوە خەونی ئازادی و یەکسانی خۆیان لە ئێراندا بهێننە دی.

 

نامەی ژنانی زیندانی بۆ بەهارە هیدایەت؛

هەریەک لە ئیلاهە محەمەدی، سپێدە قولیان، سپیدە کاشانی، سپیدە کشاوەرز، ساروناز ئەحمەدی، شاکیلا مونفەرد، زەهرا تەهیدی، فەریبە کەمال ئابادی، فایزە هاشمی، حوریە زیائی، گوڵروخ ئیرایی، نەسرین جەوادی، ناهید تاجفی، نیلوفەر بەیانی، نیلوفەر حەمیدی، ماهوش سابت، ماهوش عەدالەتی، مەحبوبە ڕەزایی، فیدا ڕەبانی و هودا تەهیدی واژۆیان لەسەر پەیامەکە کردووە و تیایدا هاتوو، "بەهارە گیان داواتان لێدەکەین کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنتان بهێنن، بۆ ئەوەی پێکەوە خەونی بەکۆمەڵمان زیندوو بکەینەوە، ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە حەقیقەت سەرپێچراوەتەوە، ئەو بەهایانەی کە سیاسەت بەڕێوەدەبەن داڕماون، لەم دۆخەدا، لەوانەیە هیچ بژاردەیەک نەبێت بۆ ئەوانەی کە خەبات بۆ ئازادی و بۆ هەمووان و ئێران دەکەن کە ژیانیان بپارێزن، ئێمەی ژنانی زیندانی ئەڤین شاهیدی ئازار و گرژیی ژیانی زیندانین، بەهارە هیدایەت وەک ناڕەزایەتی دژی مامەڵەی خراپ و کوشتنی خەڵک دەستی بە مانگرتن کردووە.

 

لە پەیامەکەدا ژنانی زیندانی داوا لە بەهارە هیدایەت دەکەن، "لەپێناو پاراستنی ژیان و تەندروستی خۆیدا لەسەر داوای دایک و باوکی جەواد ڕوحی، داواکارین خۆتان بپارێزن تا لەگەڵمان بەردەوام بن و خەبات بۆ ئازادی بکەن".

 

هونەرمەندان لەسەر دۆخی بەهارە هیدایەت هاتنە دەنگ

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٠٠ هونەرمەن، چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس و بنەماڵەی قوربانیان پەیامێکیان ئاڕاستەی بەهارە هیدایەت کرد و داوایان کرد، کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن بهێنێت.

 

لە پەیامەکەدا هاتووە، " ئێمە کۆمەڵێک لە سینەماکاران، ڕۆژنامەنووسان، بنەماڵەی قوربانیان، چالاکانی مەدەنی و خەڵکی ئێران، ڕێز لە پابەندبوونی نوێبووی ئێوە بە ویژدانی گشتی و بزووتنەوەی ژینا دەگرین، کۆمەڵگای ئێرانی و بنەماڵەی قوربانیان پێویستیان بە جەستەی تەندروست و ڕۆحی بەهێز و ئازادی تۆیە لە ڕێگای دادپەروەریدا، دوای دەستگیرکردن و سزای ٨ ساڵ زیندانی ناڕەوا، ژیان و گەنجی خۆتت بەخشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و ئازادی، ئێمە لە خەمی ژیانی ئازیزتداین و ئومێدمان بە ئایندەی ئێران هەیە، داواتان لێدەکەین بە جەستەیەکی تەندروست لەگەڵ خەڵک لەم ڕێگا سەختەدا بمێننەوە و وەک هەمیشە لە تەنیشت ستەملێکراوان بوەستنەوە.

 

بەهارە هیدایەت کێیە؟

بەهارە هیدایەت، چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەڤین، لە ٣١ی ئابەوە، وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە محەمەدجەواد ڕووحی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی ژن بە تۆمەتی درۆ، سەرکوتکردنی گەل لە ساڵیادی شۆڕشی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێم، بۆ ئازادی دوو ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو بە ناوەکانی نیلوفەر حەمیدی و ئیلاهە محەمەدی، کە هەواڵی کوشتنی ژینا ئەمینییان بڵاوکردەوە، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەواڵی تێکچوونی باری تەندروستی بەهارە هیدایەت بڵاوبووەوە داوا کرا، کە مانگرتن لە خواردن بشکێنێت.

 

دوای بڵاوکردنەوەی پەیامی ژنان لە زیندانەوە بۆ شکاندنی مانگرتنەکەی، هەروەها لەسەر داواکاری بنەماڵەی  محەممەد جەواد ڕووحی، بۆ ڕێزگرتن لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی و کەسوکاری قوربانیانی فرۆکە ئۆکراینییەکە و هەموو خەمباران و دادپەروەران، بە تایبەت دایکی دادپەروەران، بەهارە هیدایەت ئەمڕۆ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.