بەهۆی پێنەدانی مووچە، ناوەندەکانی خوێندن و تەندروستی بایکۆتیان ڕاگەیاندووە

ئه‌مڕۆ ده‌ستپێكى ساڵى نوێى خوێندن بوو، به‌ڵام به‌شێكى زۆرى مامۆستایان لە سنوری سلێمانی به‌هۆى دواكه‌وتنى موچه‌كانیانه‌وه‌ بایكۆتى ناوه‌نده‌كانى خوێندنیان كرد، هەروەها ناوەندەکانی تەندروستیش کارەکانیان ڕاگرت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٣ی ئەیلوولە، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموز و ئابی ٢٠٢٣ دابەش نەکراوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە بیانووی قەیرانی دارایی مووچەی دەیان مانگی مووچەخۆران و مامۆستایان نەدراوە و بەشێکیشی بە ناوی پاشەکەوت نەدراوەتەوە.

 

دابەشنەکردنی مووچە ناڕەزایەتی مووچەخۆران و مامۆستایانی بەدوای خۆیدا هێناوە و به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمى كوردستان، کە زه‌نگى ساڵى نوێى خوێندن لێدرا، به‌ڵام له‌ سنورى پارێزگاكانى سلێمانى ‌و هه‌ڵه‌بجه ‌و ئیداره‌كانى گه‌رمیان‌ و ڕاپه‌ڕین ژماره‌یه‌كى زۆر له ‌خوێندنگه‌كان بایكۆتیان ڕاگه‌یاندووە‌.

 

بەناز ڕەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی له ‌په‌یامێكدا سه‌باره‌ت به ‌ده‌ستپێكى ساڵى نوێى خوێندن ڕایگه‌یاند، لێدانی زەنگی خوێندن، چارەسەری کێشەکانی ئێمەی مامۆستایان ناکات، هیچ بڕیارێکیش نییە مامۆستایان سزا بدەین بەهۆی دەوام نەکردنیان، مووچەی مامۆستایان ئەوە دیاریدەکات خوێندنگه‌كان دەکرێنەوە یاخود نا.

 

لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ دوای کۆتایی هاتنی ئەو ٧٢ کاتژمێرەی دیاریان کردبوو، لە سەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی، بنکە، مەڵبەند، سەنتەرە تەندروستییەکان، نەخۆشخانەکان و سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان کارکردن ڕاگیرا و ئاماژە بەوە کرا تەنها لە شوێنە هەستیارەکان دەوام دەکەن، وەک فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار، منداڵان و منداڵبوون، نەخۆشخانەی سووتاوی، بانکی خوێن و بوژانەوەی دڵ، شۆردنەوەی گورچیلە، چاودێری ورد بۆ ئەو کەسانەی لە ژێر هەناسەی دەستکردان و ئەمبۆڵانسەکان ١٢٢ و نەخۆشخانەی هیوا.

 

 ڕۆژی ١٠ی ئەیلوولیش، فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتى کۆمپانیاکان، دادگاى سلێمانى و نەخۆشخانەى شار هەروەها مامۆستایان لە سلێمانی بایکۆتیى دەوامیان ڕاگەیاند، فەرمانبەران و مامۆستایان ئاماژەیان بەوەکرد، لە بارودۆخێکى خراپدان و ناتوانن بەبێ مووچە دەوام بکەن، تا مووچەیان پێ نەدرێت بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنى دەوام.

 

لە سنووری هەولێریش ئەمڕۆ فەرمانگەی دادنووسی کۆیە، فەرمانبەرانی دیوانی پەروەردە و یەکەی سەرپەرشتیکردنی کۆیە، بەشى زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتیەکان، بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى کۆیە، بایکۆتکردنی دەوامیان ڕاگەیاند، هەروەها دەرگای ژمارەیەك لە خوێندنگەکانیش بە داخراوی مانەوە.

 

هەر ئەمڕۆ لە بەردەم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی ‌ وانه‌بێژ و لقی هەڵەبجەی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان گردبوونه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تیان ڕێكخست و بایكۆتیان ڕاگه‌یاند.

 

بایکۆتی دەوام لە بەشێک لە فەرمانگەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان وەک، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی گەرمیان، بانکی خانووبەرە، دادگا، نەخۆشخانەی گشتیی کەلار، نەخۆشخانەى قەڵا، هەروەها، نەخۆشخانەى فریاکەوتنی شەهید هەژار درێژەى هەیە.