دوکاندار و بازرگانەکانی بۆکان ڕووبەڕووی هەڕەشە وەرگرتنی بەڵێننامەی ناچاری دەبنەوە

کوبرا م.، یەکێک لە دوکاندارەکانی بۆکانە و دەڵێت: لە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دوکانداران بانگ دەکرێن و بەڵێننامەیان پێ پڕ دەکرێتەوە کە نابێت دوکانەکانیان دابخەن و بەشداری مانگرتن بکەن، ئەگەرنا زیندانی دەکرێن.

یارا ئەحمەدی

 

بۆکان- داخستنی بازاڕەکان و مانگرتنی دوکانداران لە ڕۆژهەڵەتی کوردستان، هەرچەندە مێژوویەکی دوور و درێژی لە خەباتە سیاسییەکانی گەلی کورددا هەیە، بەڵام ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە بە شێوەیەکی بەرفراوان و سەرنجڕاکێش لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" مۆدێلێکی نوێی خەباتی نیشانی هەموو ئێران دا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە وەک ناڕەزایەتی دەستیان بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان کرد، یەکێک لە سەرەکیترین ململانێکان دژی ڕژێم مانگرتنی بازرگانان بوو، کە گوشارەکانی سەر ئابووری خراپی ئێرانی دوو هێندە کرد و تەنانەت بانکەکانی ئێرانی ترساند، چونکە خودی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەنیا، بە یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییە ئابوورییەکانی ئێران دادەنرێت.

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی، بانگەوازی زۆر لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان، کۆماری ئیسلامی لە ترسی مانگرتن و بە تایبەت مانگرتنی بازرگانان و داخستنی دوکانەکان، بۆ ڕێگریکردن و بڵاوکردنەوەی ترس لەناو گەلانی ستەملێکراوی دیکەدا، هەوڵ دەدات گوشار بخاتە سەر دوکاندارانی کورد.

 

لە بۆکان، لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینیدا، کاسبکاران و دوکانداران، بەتایبەت ئەوانەی پێشینەی سیاسییان هەیە و کاریگەرن لەناو بازاڕەکاندا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراون، کوبرا م. یەکێک لە دوکاندارەکانی بۆکانە و دەڵێت: بانگهێشتکردنی دوکاندارەکان لە ڕۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیەوە دەستی پێکردووە و ئەوەندە خەڵکیان بانگ کردووە کە هەموومان چاوەڕێین و پێمان سەیر نییە کە بانگهێشتمان دەکەن، دوکاندارەکان دەبەن بۆ ئیتلاعات و پێیان دەڵێن، بەو پێیەی لە کاتی مانگرتنەکاندا دوکانەکانتان داخستووە، دەبێت بەڵێننامە واژۆ بکەن کە ئەگەر جارێکی تر بانگهێشتی مانگرتن و داخستنی بازاڕ کرایەوە، نابێت بەشداری بکەن، ئەگەرنا زیندانی دەکرێن. هەروەها سێ لە دوکاندارەکان لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیر کراون، چونکە ڕازی نەبوون بە واژۆکردنی بەڵێننامەکە.

 

ئەگەرچی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بە دروستکردنی گوشار و ترس لە سەر خەڵکی ئاسایی هەوڵی پێشگرتن بەو مانگرتنانە دەدات، بەڵام پێدەچێت بەرخۆدانی بەکۆمەڵی گەل لەم کردەوانەی حکومەت بەهێزتر بێت و وتووێژەکانی نێوان بازرگانانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕ و کەرتی بازرگانی ڕادەگیرێت، یەمەش لەکاتێکدایە چەندین لەو بازرگان و دوکاندارانە تەنها بەهۆی واژۆنەکردنی بەڵێننامەی ناچاری دەستگیر کراون و بووەتە هۆی توڕەیی گشتی.