مەکسیک قەدەغەی لەباربردنی منداڵی ڕاگرت؛ هەموو ویلایەتەکان دەبێت پابەند بن

دادگای باڵای مەکسیک قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵی لابرد و قەدەغەکردنی بە نادەستووری و پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی ژنان بە ناو کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٦ی ئەیلوول، دادگای باڵای مەکسیک هەموو سزا تاوانکارییە فیدراڵیەکانی بۆ لەباربردنی منداڵ لابرد و ڕایگەیاند، یاسا نیشتمانییەکان کە ڕێکارەکانی لەباربردن قەدەغە دەکەن، نادەستوورین و مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن"، ئەم بڕیارەی دادگای باڵای مەکسیک، ڕەوتی ئەمریکای لاتین بۆ فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە لەباربردنی منداڵ درێژ کردەوە.

 

لە بڕیارەکەی دادگای باڵادا، داوا لە خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی فیدراڵی و سەرجەم دامەزراوە تەندروستییە فیدراڵیەکان دەکات، کە هاوکاری و ڕێکارەکانی لەباربردنی منداڵ پێشکەش بە هەر کەسێک بکەن کە داوای بکات، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە تێکۆشانی ژنان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغەی لەباربردن چەندین ساڵە بەڕێوەدەبرێت و دوای قەدەغەی لەباربردنین لە ئەمریکا، تێکۆشانی ژنان چڕتر بووەتەوە.

 

گروپی زانیاری بۆ زاوزێی هەڵبژێردراو-GIRE لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "هیچ ژنێک یان کەسێکی دووگیان، نە هیچ کارمەندێکی تەندروستی، ناتوانێت سزا بدرێت بەهۆی لەباربردنی منداڵەوە".

 

بڕیارەکەی دادگای باڵای مەکسیک هەموو ویلایەتەکانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە و دەبێت پابەند بن بە بڕیارەکەوە، بەڵام هێشتا نزیکەی ٢٠ ویلایەتی مەکسیک لەباربردنی منداڵ بە تاوان دەزانن.

 

پەیمانگای نیشتمانی بۆ ژنان لە مەکسیک لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "ئەمڕۆ ڕۆژی سەرکەوتن و دادپەروەرییە بۆ ژنانی مەکسیک، ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو یەکسانی ڕەگەزی".

 

سیناتۆر ئۆلگا سانچێز کۆردێرۆ، دادوەری پێشووی دادگای باڵا، لە پلاتفۆڕمی ئیکس ڕایگەیاند، "ئەمە نوێنەرایەتی پێشکەوتنێک دەکات بەرەو کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر کە تێیدا مافی هەمووان ڕێزیان لێبگیرێت"، داوای لە کۆنگرێسی مەکسیک کرد لە وەڵامدا یاسایەک دەربکات.