لە یەمەن ٤١٣ کەس بەهۆی نەخۆشی سورێژە گیانیان لەدەستداوە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لە ماوەی ٧ مانگدا ٤١٣ کەس بە نەخۆشی سورێژە لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی سورێژە لەناو منداڵاندا لە یەمەن زیادی کردووە. لە بەیاننامەیەکەدا خراوەتەڕوو، لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی تەمموز لە یەمەن ٣٤ هەزار و ٣٠٠ تووشبووی سورێژە دەستنیشانکراون، هەروەها لە ماوەی ٧ مانگدا ٤١٣ کەس بە نەخۆشی سورێژە گیانیان لەدەستداوە.

 

کۆچ و دابەزینی ئابووری هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی تووشبووانە

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە ساڵی ڕابردوودا ٢٧ هەزار نەخۆش و ٢٢٠ کەس بەهەمان هۆکار گیانیان لەدەستداوە، هەروەها دیاریکراوە کە زیادبوونی توشبووانی سورێژە و گیانلەدەستدان بەهۆی هۆکارەکانی وەک خراپبوونی دۆخی ئابووری، کەمی داهات و کۆچکردنەوەیە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٪٧٣ی خەڵکی یەمەن بە هۆی شەڕی ناوخۆی یەمەن پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، ٤.٣ ملیۆن کەس ئاوارە بوون و لە وڵاتدا ٣٧٧ هەزار کەس کە زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیان مەدەنین، بەهۆی شەڕی ناوخۆوە گیانیان لەدەستداوە.