لوبنان، کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەستی پێکرد

کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە دروشمی "بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، ئەزمونی تەڤگەری ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستی پێکرد و کۆنفرانسەکە پێشکەش بە ژنانی شەنگال و ئەفغانستان کرا.

بەیروت

 

ئەمڕۆ لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژین-ی ژنان و کۆمەڵەی کولتووری و کۆمەڵگەیی نەورۆز، بە دروشمی" بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، ئەزمونی تەڤگەری ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" بە بەشداری ژنانی ١١ وڵات دەستی پێکرد و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

ژنانی بەشداربوو بە جلی کولتووری وڵاتەکەیانەوە بەشدارییان کرد و لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەربارەی، دەستوەردانی سیستمی جیهانی بۆ سەر ژنان لە سەدەی ٢١، ئەزموونی ژنانی کورد بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی هەرێمی گفتوگۆ دەکەن، بە تایبەت لە بارەی تێڕوانینی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ژنان و کاریگەرییەکانیان لەسەر بەرز کردنەوەی ئاستی تێکۆشان هەڵسەنگاندن دەکرێت.

 

لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا، ئاماژە بەوە کرا، لە سەدەی ٢١دا ژنانی شەنگال و ئەفغانستان لەلایەن توندڕەوترین دەسەڵاتی سیاسی و ژن کوژەوە کۆمەڵکوژ کران، بۆ ئەوەش وەک ژنان دڵمان لەگەڵ ئەو ژنانەیە کە لە بازاڕی کۆیلایەتیدا فرۆشران، کوژران، بێ سەروشوێن کران و لە هەموو بوارەکانی ژنان دوورخرانەوە، بۆ ئەوەش ئێمە ئەم کۆنفرانسەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکەینە دیاری بۆ ژنانی شەنگال و ئەفغانستان.

 

"دەبینە دەنگی بەرخۆدان و بەرەنگاری دژی هەر هێزێک بیەوێت ئازادی ژن زەوت بکات"

وتاری کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن عائدە نەسرولا، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی مافی ژنان لە لوبنان پێشکەشکرا و باسی لەوەکرد، لە مێژوودا ژنان ڕووبەرووی گەورەترین بێ مافی و زەوتکردنی ئازادی بوونەتەوە، لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و یاساییدا، بەڵام هاوشانی ئەوەش، تێکۆشانی ژنان بوونی هەبووە و توانیویەتی لە وڵاتاندا مافی یاسایی، سیاسیی و ئابووری خۆیان بەدەستبهێنن و لە هەموو بوارەکاندا جێگە و پێگەی خۆیان دیاری بکەن.

 

دواتر حەنان عوسمان، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کولتوور و کۆمەڵگەیی نەورۆز لە لوبنان، وتاری لیژنەی ئامادەکاری پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، "ئامادە بوونی ئێوە لێرە، جەخت لە ئیرادەی ژنان دەکاتەوە کە ڕێگری ناکرێت، سەرەڕای همەوو ئەو سیاسەت و کردەوانەی بەرامبەری دەکرێت، بەڵام شۆڕشی ژنان، تێکۆشان و ئیرادەی ژنان بەردەوامە و بە هەر کۆبوونەوەیەکی ژنان جەخت لە یەکگرتووی ژنان دەکەینەوە کە هەوێنی ئاشتی و ئازادییە لە هەموو هەرێم و لەناو هەر کۆمەڵەیەکدا، ئێمە وەک لیژنەی ئامادەکار،  بڕیارماندا کە کۆنفرانسەکە لەم کاتەدا ببەستین کە مانگی ئابە و چونکە تەنها مانگێک نییە بۆ ئێمە، بەڵکو مانگی کۆمەڵکوژکردنی ژنانە، چونکە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ژنانی شەنگال و ئێزیدییەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، کە بە هەزاران ژن و منداڵ کوژران کە ٨٧ گۆڕی بە کۆمەڵ لە شەنگالدایە، زیاتر لە ٧ هەزار ژن و منداڵ ڕفێندران و لە بازاڕی کۆیلایەتیدا فرۆشران، هەروەها ١٥ی ئابی ٢٠٢١ وڵاتی ئەفغانستان ڕادەستی تاڵیبان کرا و جگە لە ئاوارەبوون، تا ئێستا ژنان لە خوێندن و کارکردن و ئازادییەکانیان زەوت دەکرێن و دوور دەخرێنەوە، ئێمەش بەم کۆنفرانسە لە مانگی ئابدا دەبینە وەڵام بۆ هەموو ئەو کۆمەڵکوژیانەی لەسەر ژنان ئەنجام دەدرێن، پێشکەشی ژنانی شەنگال و ئەفغانستانی دەکەین و دەڵێین، ئێمە لەگەڵتانین و لەگەڵتاندا دەوەستین، دەنگی تێکۆشان و هێز و چالاکییەکانمان دەکەینە دەنگی بەرخۆدان و بەرەنگاری دژی هەر هێزێک بیەوێت ئازادی ژن زەوت بکات.

 

کۆنفرانسەکە بەردەوامە و بە سێ پانێڵ لە ماوەی دوو ڕۆژدا بەردەوام دەبێت.