وڵاتانی پارێزەری ئەمازۆن تاوتوێی کۆتایهێنان بە سڕینەوەی دارستانەکان دەکەن

ئەو هەشت وڵاتەی کە هاوبەشی حەوزەی ئەمازۆن دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە سڕینەوەی دارستانەکان، کۆبوونەوە ڕێکخدەخەن و تاوتووێی پاراستنی دارستانەکان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پاراستنی ئەمازۆن بەشێکی سەرەکییە لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا، وڵاتانی پاراستنی ئەمازۆن لە شاری بێلێمی بەڕازیل کۆدەبنەوە بۆ کۆتایی هێنان بە سڕینەوەی دارستانەکان، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی لەو جۆرەیە لە ماوەی ١٤ ساڵدا.

 

پێش کۆبوونەوەکە، لویز ئیناسیۆ لولادا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل داوای ئامانجێکی هاوبەشی کرد بۆ کۆتایی هێنان بە سڕینەوەی دارستانەکان تا ساڵی ٢٠٣٠.

 

نزیکەی ٦٠٪ی ئەمازۆن، کە گەورەترین دارستانی باراناوییە لە جیهاندا، دەکەوێتە بەڕازیل، ئەو وڵاتانەی دیکە کە نوێنەرایەتی کۆبوونەوەکەیان کردووە بریتین لە بولیڤیا، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر، گیانا، پیرۆ، سورینام و ڤەنزوێلا.

 

سەرۆکی بەڕازیل لە دەستپێکی وتارەکەیدا ڕۆژی سێشەممە باسی لە "خراپبوونی سەختی قەیرانی کەشوهەوا" کرد و وتی: ئاستەنگییەکانی سەردەمی ئێمە و ئەو دەرفەتانەی لێوە سەرچاوەیان گرتووە، داوای ئەوە دەکەن کە ئێمە بە یەک دەنگ کار بکەین.

 

هاوپەیمانێتییە نوێیەکەی وڵاتان ئامانجی ئەوەیە، ڕێگری لە ئەمازۆن بکات لە گەیشتن بە خاڵێک کە نەگەڕێتەوە، هەروەها پابەندبوونی لەخۆگرتووە بۆ باشترکردنی هەماهەنگی لەسەر بابەتەکانی وەک بەڕێوەبردنی ئاو و تەندروستی و پەرەپێدانی بەردەوام و هەڵوێستی دانوستاندنی هاوبەش لە لوتکەکانی کەشوهەوای جیهانیدا.

 

سەرەڕای جیاوازییەکان، کۆبوونەوەکە بەبێ گومان دەنگی ئەم ناوچەیەی داوە کاتێک دێتە سەر بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و وەک پێشەکییەک بۆ کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵی ٢٠٢٥ کە هەروەها لە بێلێم بەڕێوەدەچێت.

 

کۆبوونەوەکە لە هەمان ڕۆژدا دەستیپێکرد کە لیژنەی گۆڕانی کەشوهەوای یەکێتی ئەوروپا پشتڕاستی کردەوە کە مانگی تەمموز گەرمترین مانگ بووە لە جیهاندا.

 

ملیارەها درەخت کە ئەمازۆن پێکدەهێنن بڕێکی زۆر لە کاربۆنیان تێدایە کە لە ماوەی چەند سەدەیەکدا کەڵەکە بوون و هەموو ساڵێک گەڵاکانیان بەردەوام دەبن لە هەڵمژینی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن کە بە پێچەوانەوە لە بەرگەهەوادا دەمێنێتەوەو دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان.

 

لە سەردەمی پیشەسازییەوە جیهان بە ڕێژەی نزیکەی ١.١ پلەی سەدی گەرم بووە و پلەی گەرما بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە مەگەر حکومەتەکانی سەرانسەری جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو دەردراوەکان کەم بکەنەوە.