ژنانی ئێزیدی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی فەرمان دەکەن
بە دروشمی "خۆبەڕێوەبەری شەنگال بۆ ڕێگریکردنە لە فەرمانەکان"، هەزاران کەس لە دانیشتووانی شەنگال ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا بۆ ئیدانەکردنی فەرمانی ٧٤، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بەسەر ئێزیدییەکاندا ئەنجامدرا.
شەنگال
بە بۆنەی ٩ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە شەنگال لەلایەن داعشەوە، هەزاران کەس بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ڕێپێوانیان بەرەو بازاڕی کۆنی شەنگال کرد، پەیامی بەرخۆدان و دەستەبەرکردنی خۆبەڕێوەبەری شەنگالیان دا و دروشـمی "بمرێ خیانەت"، "بژی بەرخۆدانی شەنگال"، "شەهیدان نامرن" وترایەوە.
لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا پەیامی گرنگ لەلایەن تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ، ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان، ڕێبەرانی ئایینی، فەرماندەیی یەژەشە و یەبەشە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال پێشکەش کرا.
"ژنانی ئێزیدی جارێکی دیکە ڕێگە بە فەرمانەکان نادەن"
سوعات خەلەف، ژنێکی گەنجە و دەربارەی فەرمانی ٧٤ دەڵێت: ئەمڕۆ ڕۆژێکی تاریکە بۆ ئێمە، لە ڕۆژێکی وادا دایک و باوکمان دەستگیرکران، وەک ئەوەیە تازە خوشک و براکانمان ڕفێندرابن، هەر بۆیە ئێمە هەمووان ئەمڕۆ زۆر دڵتەنگین، ئێمە وەک ژنانی ئێزیدی ڕێگە نادەین جارێکی تر ئەم فەرمانە بەسەر کۆمەڵگەکەماندا بسەپێندرێت، ڕێگە نادەین خیانەتکاران بێنە سەر خاکەکەمان، ئێستا کاتی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگەکەمانە.
"ئێمە ڕێپێوان بۆ شەهیدەکانمان دەکەین"
فەهۆ سلێمان، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ، ڕێپێوانەکەی بەم شێوەیە پێناسە کرد: هەموو شەهیدانی ئەو فەرمانەمان بەبیر دەهێنینەوە، ئەمڕۆ ساڵڕۆژی فەرمانە، ئێمە بۆ شەهیدەکانمان ڕێپێوان دەکەین، دژی خیانەتی پەدەکە ڕێپێوان دەکەین، هەرگیز ڕێگە نادەین دووبارە خیانەتکاران بێنە سەر ئەم خاکەمان.
"هێزەکانی عێراق پێش پێشمەرگە هەڵاتن"
نەعم بەدەل، ئەندامی هەماهەنگی تاژێ، وتی: لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لەلایەن حکومەتی عێراق و پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە خیانەتمان لێکرا، حکومەتی عێراق لە ١٠ی حوزەیراندا سنورەکانیان چۆڵکرد، پێش ئەوەی فەرمانەکە ڕووبدات، حکومەت ناوچەکەی کردەوە و ئێمەی نەپاراست، با عێراق نەڵێت پەدەکە گەلی ئێزیدی بەجێهێشت، چونکە عێراق پێش پێشمەرگە هەڵات، هیچ شتێک بۆ گەل نەکراوە، سەدان کەس هێشتا لە دەستی چەتەکانی داعشدان، تەنها شەڕڤانانی ڕێبەر ئاپۆ، تەنها هێزەکانی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە دەتوانن منداڵەکانمان ڕزگار بکەن.
دایە پاکیز جەلال وتەبێژی ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان ڕایگەیاند، هەموو شەهیدەکان بەبیر دەهێنینەوە و سەریان بۆ دادەنەوێن، ئەم ڕۆژە بۆ هەموومان قورسە، بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵگە جارێکی تر ڕێگە بە خیانەت نادەین، هەرگیز ئەو شەڕڤانانە لەبیر ناکەین کە ڕزگاریان کردین.