دوو بەڕێوەبەرایەتی و سەنتەرێک لە هەڵەبجە کرانەوە

کوێستان محەممەد لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە دوو بەڕێوەبەرایەتی و سەنتەرێکی کردەوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- سەرلە بەیانی ئەمرۆ، کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە دوو بەڕێوەبەرایەتی و سەنتەرێکی کردەوە.

 

کوێستان محەممەد بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن مەبەستی سەردانەکەی ڕوونکردەوە و وتی: "ئەمڕۆ دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی، سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی منداڵان دەکەینەوە، لە ماوەی چوار ساڵدا توانیومانە کۆمەڵێک دەستکەوت بۆ هەڵەبجە بەدەستبخەین، بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەییمان کردوەتەوە کە لەڕێگەی خولەکانمانەوە توانای گەنجەکانمان بەرەوپێشبردووە و توانیویانە هەلی کار بۆ خۆیان بڕەخسێنن."

 

باسیشی لەوە کرد، " بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتیمان بۆ کرێکاران کردووەتەوە بۆ ئەوەی مافەکانیان دەستبەربکەن و مافی خانەنشینبوونیان پێبدرێت، سەنتەری شیاندن و ئۆتیزمی منداڵانمان کردووەتەوە کە لەلایەن خێرخوازانەوە دامەزراوە و ئێمەش ستافمان بۆ دابینکردوون، سەنتەری چالاکی و گەشەپێدانی منداڵانمان کردووەتەوە و ڕۆژانە منداڵان تیایدا کار لەسەر بەهرەکانی وەک مۆسیقا، وێنەکێشان و خوێندنەوە دەکەن و کارامەییەکانیان پێشدەخەن، هەروەها کارمان کردووە بۆ یارمەتیدانی کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت، سەرجەم ئەم کارانە لە ڕێگەی ریکخراوەکانە هاوکاریکراوین، لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە ٧٤ کەسمان دامەزراندوووە و بریارە ١٨ کەسی تر دابمەزرێنین."

 

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی سوپاسی ستافەکەی کرد کە توانیویانە لەگەڵی بەردەوامبن بەمەبەستی بەرەو پیشبردنی کۆمەڵگە و خزمەتکردن بە سەرجەم توێژە جیاوازەکان.