"سەلامەتی ژیانی ڕێبەر ئاپۆ، سەلامەتی هەموو ژنان و مرۆڤایەتییە"

ڕژاک بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای هەڵوێست و یەک دەنگی دەکات دژی گۆشەگیری، هەڕەشە و هێرش و گۆشەگیرییەکانیش بە درێژەپێدانی پەیماننامەی لۆزان دادەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بەیاننامەیەکی دەربارەی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە و داوای هەڵوێست لە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات.

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە تیشک خستنەسەر گۆشەگیری توندی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد ڕایگەیاند، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بە ئەرکی خۆیان دەزانن و داوای کۆتایی هێنان بەو گۆشەگیرییە دەکەن، هەروەها دەڵێن: پێویستە هەموومان دەنگێکی بەرز و کاریگەرمان هەبێت بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، چونکە سەلامەتی ژیانی، سەلامەتی هەموو ژنان و مرۆڤایەتییە.

 

ڕژاک باسی لە سیستمی ئیکۆلۆژی، دیموکراسی، ئازادیخوازی ڕێبەر ئاپۆ کرد، کە کردویەتییە ڕۆژەڤی گەلانی بندەست و لە بەیاننامەکەیدا هاتووە، "دەوڵەت- نەتەوە سەرمایەدارەکانی ئەمڕۆ هەوڵی لەناوبردنی ژن و هەموو ئەو بەها مرۆییانە دەدەن کە لەڕێگەی تێکۆشانی ژنانەوە لە کەسایەتیی خاوەن فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئازاد، بەدەست هاتوون، تا ئەو بەهایانە بکەنە قوربانی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان، بۆیە درێژە بە هێرشە دڕندانە و گۆشەگیری و هەڕەشانەی ەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەدەن، چونکە دەزانن فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لەم فاشیزم و دەسەڵاتەی بوونی هەیە".

"ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی سەرەکی ئێمەیە"

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا، ڕژاک هێرشەکانی دژی پێکهاتەی کورد و هەموو کوردستانیانی بە درێژەپێدەری پڕۆژەی لۆزان وەسف کرد و بەم شێوەیە کۆتایی دێت: ئەم هەڕەشە و شەڕە تایبەتەی کە لە کەسایەتی ڕێبەرایەتی دژی هەموو گەلی کورد و پێکهاتە دیموکراسیخوازەکان دەکرێت، درێژەدانیانە بە لۆزان، ئامانجیان دابەشکردن و لاوازکردنی کوردە، ئەمەش بە واتای زیندووکردنەوەی هەزاران ساڵەی کۆیلایەتییە لەسەر ژنان و پاساوهێنانەوەیە بۆ توندوتیژی و دەستدرێژی دژی ژنان، بۆیە ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ وەک ئەرکی سەرەکی و ژیانی خۆمان دەبینین، ئێمە ڕێگە نادەین فاشیزم بە ئامانجە هەرزانەکانی خۆی بگات، لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو ڕێکخراوە کوردییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و خەڵکی ئازادیخواز دەکەین. یەک هەڵوێست و خاوەن دەنگێکی بەرز و کاریگەر بن، تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ فەراهەم بکرێت، چونکە سەلامەتی ژیانی ڕێبەر ئاپۆ، سەلامەتی هەموو ژنان و مرۆڤایەتییە.

 

جێی ئاماژەیە، لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەست نەکەوتووە، ئەمەش توڕەیی و ناڕەزایی بەرامبەر بەو گۆشەگیرییە توندە زیاتر کردووە و گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و ڕێکخراوەکانی کوردستانیش دژی گۆشەگیری لێدوان دەدەن و داوای کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری دەکەن.