دوو خوشکی ئێزیدی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کران

لە ئەنجامی هەوڵەکانی دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ژنانی ئێزیدی، هێزە ئەمنییەکانی کەمپی هۆڵ دوو خوشکی ئێزیدییان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکرد و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرد.

نوژین ئێزیدی

 

شەنگال- لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش لە شەنگال کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامدا و تا ئێستاش هەزاران ژن و منداڵ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دەستبەسەرن، هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ژنان و منداڵانی ئێزیدی بەردەوامن و ئەمڕۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوو خوشکی ئێزیدیی خەڵکی گوندی سۆلاخی سەر بە شەنگالیان لە دەستی چەتەکانی داعش لە کەمپی هۆڵ ڕزگار کرد و ڕادەستی هێزەکانی یەژەشە و یەبەشەیان کردەوە.

 

بەسێ خدر خەلەف شەمۆ، لە تەمەنی ٨ ساڵیدا لەگەڵ خوشکەکەی بە ناوی عالیە و تەمەن ٣ ساڵ و بەشێکی زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، لە کاتی فەرمانی شەنگالدا کەوتنە دەستی چەتەکانی داعش، دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە لایەن هێزەکانی قەسەدەوە ڕزگار کران، گەیەندرانەوە خاکی پیرۆزی ئیزدخان.

 

ئەو دوو خوشکەی کە لە کەمپەکە ڕزگاریان بووە، سەرەتا سەردانی ئەنجومەنی ژنانی شەنگالیان کرد و  لەلایەن ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدیەوە بە چەپڵەی گەرم و خۆشی پێشوازییان لێکرا.

 

"ڕزگاری هەر ژنێک شادی و ڕۆژی ئاهەنگگێڕانە بۆمان"

نەعیم عومەر خەلەف و نافیە مێشۆ، ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و وتیان: رزگارکردنی هەر ژنێک لە دەستی چەتەکانی داعش مایەی شادی و ڕۆژی ئاهەنگگێڕان بۆمان، نابێت ئومێد لەدەست بدەین تا هەموو ژن و منداڵ و ئێزیدیەکان کە لە دەستی داعشدان ڕزگار نەبن.

 

دوای سەردانەکە هەردوو ژنە گەنجەکە لەگەڵ مامیان، کە تەنها خۆی ماوەتەوە، بەرەو گوندەکەیان بەڕێکەوتن.