لە گفتوگۆیەکی کراوەدا باس لە شێوازەکانی گێچەڵکردن کرا

گەشاو عەبدولقادر لە سیمینارێکدا شێوازەکانی گێچەڵکردنی ڕوونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە لەپێناو بەرەوپێشچوون و باشبوونی دۆخی کۆمەڵگە، گێچەڵکردن کەم بکرێتەوە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی زەحمەتکێشانی کوردستان-لقی سلێمانی گفتوگۆیەکی کراوەیان دەربارەی "گێچەڵ بەرامبەر بە مرۆڤەکان" بۆ گەشاو عەبدولقادر، ئەندامی بۆردی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، لە بارەگای لقی سلێمانی ڕێکخست.

 

گفتوگۆکە بە بەشداری ژمارەیەک لە ئامادەبوان و کەسانی ڕۆشنبیر و مامۆستا بەڕێوەچوو، تیایدا گەشاو عەبدولقادر باسی لە شێوازە جیاوازەکانی گێچەڵکردن کرد، هەر لە سیستمی پەروەردەیی و کۆمەڵایتییەوە تا دەگاتە گێچەڵکردنی سیاسی و سێکسی بە تایبەتیش بۆ منداڵان و گەنجان.

 

لە سیمینارەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، "گێچەڵکردن جۆرێکە لە جۆرەکانی شەڕانگێزی و توندوتیژی، کە لەناو خێزان و شوێنی کارەکاندا ڕوودەدات، هەندێک لە گێچەڵکردنەکان مەرج نییە بە کردارانە بکرێت و توندوتیژی جەستەیی تێدا بێت، هەندێکیان کار لە دەروون دەکەن، یاخود کۆمەڵایەتین، هەندێک لە گێچەڵکردنەکان لە نێوان یەک ڕەگەزدا ئەنجام دەدرێت، سەرەتایی گێچەڵکردنیش بێزارییە و دواتر دەبێتە گێچەڵکردن".

 

بەپێی قسەکانی گەشاو عەبدولقادر، هەندێک کات گێچەڵکردن بە شێوازی زارەکی دەکرێت و لە ڕێی وشەیەکەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش یەکێکە لەو شێوازانەی زۆرترین هاوڵاتی ڕۆژانە بەکاری دەهێنن، یاخود گێچەڵی ئەلەکترۆنی هەیە و لەو ڕێیەوە چەندین کەس هەڕەشە و نامەی بۆ دەچێت، یاخود ئەکاونتەکەی هاک دەکرێت و لەو ڕێیەوە بابەتی نەشیاو بڵاو دەکرێتەوە.

 

لە کۆتایشدا باسی لەوەکرد، ئەگەر گێچەڵکردن لە گەورەکانەوە دەستپێبکات وا دەکات منداڵەکانیش فێر ببن، تەنانەت لە خوێندنگەکانیشدا بە ڕووی مامۆستا و کەسانی گەورەدا دووبارەی دەکەنەوە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت کۆڕ و سیمینار ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان هۆشیار ببنەوە و چیتر ئەو حاڵەتانە کەم ببنەوە لەناو خێزانەکاندا دووبارە نەبنەوە.

 

سیمینارەکە بە گفتوگۆ لە نێوان ئامادەبوواندا کۆتایی هات.