١٨٩ ئاوارەی دیکە گەڕانەوە بۆ شەنگال

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی ١٨٩ ئاوارەی دیکەی لە کامپەکانی دهۆکەوە بۆ شەنگال ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

نووسینەگەی ڕاگەیاندنی ئیڤان فایەق جابرو، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی ١٨٩ ئاوارەی ئێزیدی لە کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی نیشتەجێبوونیان لە شارۆچکەی شەنگال ڕاگەیاند، کە ئەم هەوڵە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەت دایە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

 

ئیڤان فایەق جابرو، ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت گرنگییەکی تایبەت بە دۆسیەی شەنگال و گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان دەدات، هەروەها دابینکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆیان و پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە بۆ خێزانە گەڕاوەکان، جەختیشی کردەوە کە وەزارەت بەردەوامە لە تۆمارکردنی ئەو خێزانە ئاوارانەی کە دەیانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوخۆ بگەڕێنەوە.

 

جێی ئاماژەی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ڕایگەیاند، کە پێویستە کامپەکان چۆڵ بکرێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، هەروەها مانگی نیسانى ئەمساڵ ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، کە پارتى ڕێگرە لە گەڕانەوەى ئاوارە ئیزدییەکانى کامپەکان بۆ شەنگال و داواشی لە سەرانى پەدەکە کرد کە چیتر ڕێگری لە گەڕانەوەى ئاوارەکان نەکەن.