سودان... لە خەرتوم و ئوم درمان ٢٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژران

بەهۆی پەرەسەندنی ململانێی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ژمارەی کوژراو و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سودان زیادی کردووە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ٪٦٠ی نەخۆشخانەکان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەستاون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە میانی شەڕ و پێکدادانێکی توندوتیژدا، لە ٤ی تەمموز لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون، میدیاکانی سودان ڕایانگەیاند کە زۆرێک لە گەڕەکەکانی خەرتومی پایتەخت ڕووبەڕووی هێرشی زەمینی و ئاسمانی توندوتیژ بوونەتەوە و ئەمەش زیانێکی گەورەی مرۆیی و ماددی لێکەوتەوە.

 

هاوکات لەگەڵ زۆری ژمارەی بریندار و کوژراوی هاوڵاتیانی مەدەنی، چالاکوانان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بانگوازی بەخشینی خوێنیان کرد، هەروەها داوایان کرد، کارمەندانی پزیشکی بچنە ئەو نەخۆشخانەیانەی کە بەدەست کەمییەکی زۆری دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی ترەوە دەناڵێنن.

 

لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی سودان لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە، نەخۆشخانەکان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شاهیدی بارودۆخێکی سەخت بوون، کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٪٦٠ی نەخۆشخانەکانی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دوورخستەوە.

 

تەنها لە خەرتومی پایتەخت ژمارەی قوربانیانی مەدەنی بۆ زیاتر لە سێ هەزار کوژراو و نزیکەی پێنج هەزار بریندار بەرزبووەوە، هەریەک لە دوو لایەنی ململانێکان هەوڵ دەدەن پێگەی سەربازی خۆیان لە خەرتومی پایتەخت بەهێزتر بکەن، کە شارەکانی ئوم درمان و باکووری خەرتوم دەگرێتەوە، هەروەها شاری خەرتوم زیاتر لە ٪٩٥ی ناوچە گرنگە سەربازی و مەدەنییەکانی وڵات لەخۆدەگرێت.