دوای ٥ مانگ لە بوومەلەرزە؛ لە سەمسور هێشتا تەرم دەدۆزرێتەوە

٥ مانگ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیووە، بەڵام هێشتا ژیان لە سەمسور ئاسایی نەبووەتەوە و تەرم دەدۆزرێتەوە، تەرمی منداڵێک و ژنێک لە کاتی لابردنی داروپەردوودا دۆزرانەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- سەمسور کە بە هۆی بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات نیوەی بیناکانی ڕووخا، بووە شارێکی وێرانبوو، ڕووخانی  ئەو بینایانەی زیانیان بەرکەوتووە بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی پێنج مانگ تێپەڕیووە، ٢٥ تەرمی بێخاوە هەن و هاوڵاتیان لە پێداویستییە سەرەتاییەکان بێبەشن.

 

لە سەمسور، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیاتر لە دوو هەزار بینا ڕووخان، هەروەها زیانێکی گەورە لە گوند و ناوەندەکانی ناوچەکەش هەبوو، تەنها ٥ هەزار بینای زیانلێکەوتوو لە ناوەندەکەدا دەستنیشان کرا، لە گوندە شاخاوییەکانی ناوەندەکە، هیچ خانوویەک نەماوە کە وێران نەبێت، ٥ مانگ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیووە، بەڵام هیچ شتێک بۆ دانیشتوانی شارەکە نەگۆڕاوە.

 

لە هەموو شوێنێک دووکەڵ و تۆز هەیە!

سەرەڕای هەموو نیگەرانییەکانی دامەزراوە ژینگەیی و تەندروستییەکانی شارەکە، کارەکانی لابردنی داروپەردوو بەردەوامە بەبێ ڕەچاوکردنی زیانەکانیان بۆ تەندروستی مرۆڤ، دوای ئەوەی داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکان لابران، ئەو بینایانەی کە زیانیان بەرکەوتووە ئێستا دوڕووخێندرێن و داروپەردووەکان لادەبرێن، بەهۆی ئەو کارەی کە هێشتا بەردەوامە، شارەکە لە تۆزو دووکەڵدا ماوەتەوە، ئەو هاوڵاتیانەی کە بەهۆی تۆزەوە زیانیان پێدەگات لە چادرەکاندا ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە، داروپەردووی وێرانەکان دەڕژێنە دوو ناوچە وەک کێڵگەی کشتوکاڵی و ڕووبارو چەم، ڕووبارەکان پڕبوون لە داروپەردووی بینا ڕووخاوەکان، هەروەها ئەو پاشەڕۆیەی کە دەڕژێتە ناو کێڵگە کشتوکاڵییەکانەوە مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات، لە شارەکە کێشەی هەناسەدان و کۆکە و هەوکردنی قوڕگ لە زیادبووندایە و شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن کە بڵاوبوونەوەی ئەزبێز لە ساڵانی داهاتوودا نەخۆشییەکی گەورە دروست دەکات.

 

ئاو بووەتە هۆی نەخۆشی

کێشەی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمەکە بەردەوامەو دانیشتوانی سەمسور، کە بەهۆی زیان گەیشتن بە بۆرییەکانی تۆڕەکە لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن، هەموو ڕۆژێک بە دوو بوتڵ ئاو بەسەر دەبەن، ئەو هاوڵاتیانەی لە گوندەکانی دەشتێ دەژین پێداویستییەکانیان لە کانیاو و بیرەکانەوە دابین دەکەن، زۆرێک لەو کەسانەی کە ئاوی تۆڕ بەکاردەهێنن بەهۆی ئاوی خواردنەوەوە تووشی نەخۆشی سکچوون و گێژبوون بوون، لەو شارانەی کە پەنابەرانی سوریا تێیدا دەژین، هەروەها نەخۆشی هەوکردنیش هەیە بەهۆی کێشەی ئاوەوە.

 

٢٥ تەرم لە گۆڕستانی بێ کەسان هەن

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە شارەکە، ١٢ هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە.، تا ئێستا ناسنامەی ٢٥ کەس ئاشکرا نەکراوە کە لە گۆڕستانی بێ کەسان نێژراون، زانراوە کە تەرمی ژنێک بە ناوی ئایشەگوڵ کارلی لە گۆڕستانەکە بردراوە دوای ئەوەی پشکنینی DNA کراوە، هەروەها لە مانگی ڕابردوودا دوو تەرم کە زیانیان بەرکەوتووە دراون بە بنەماڵەکانیان، ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان لە شارەکەدا هەن کە تەرمەکانیان ونبووە، ئەندامانی ئەو بنەماڵانەی نموونەی DNA یان بۆ تەرمە ونبووەکانیان پێشکەش کردووە، کە ژن و منداڵێکی تێدایە، بۆ ماوەی ٥ مانگە هیچ ئەنجامێکیان وەرنەگرتووە.

 

"تەرمی زۆر لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بێسەروشوێنن"

لە ٦ی حوزەیران ١٢٢ ڕۆژ دوای بوومەلەرزەکە، تەرمی ژنێک بە ناوی سودە نور دوران لە گەڕەکی تورگوت ڕەیس دۆزرایەوە، تەرمەکە لە ژێرزەمینەکە لابرا، کە سەرەڕای سووربوونی بنەماڵەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک هیچ گەڕانێک ئەنجام نەدراوە، ئەو تەرمەی دۆزرایەوە کە لە گۆڕستانی شارەوانی بەخاک سپێردرا، هەروەها تەرمی منداڵێک لە هەفتەی ڕابردوودا لە گەڕەکی بۆزبەی لە ناوەندی شارەکە دەرکراوە، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت شوێنی دەرکردنی منداڵە نەناسراوەکە ببینن لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیران، هێشتا تەرمی ئەو کەسانە نەدۆزراوەتەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی شارەکەوە گیانیان لەدەستداوە.