لە دهۆک زۆرترین و لە سلێمانی کەمترین پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بە ٤٩ حاڵەتی پێشێلکاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەرامبەر ٩٩ رۆژنامەنووس کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بە ٤٩ حاڵەتی پێشێلکاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەرامبەر ٩٩ رۆژنامەنووس کراوە، کە شەش حاڵەتیان دەستگیرکردن بووە.

 

لەناو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا، دهۆک بە ٢٥ حاڵەتی پێشێلکاری، زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە، هەولێر بە ١٥ حاڵەت لە پلەی دووەم و لە هەڵەبجە پێنج حاڵەت لە پلەی سێیەم دایە و وپلەی چوارەمیش سلێمانی دێت کە چوار حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا، ١٩ حاڵەتی ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردن، ٣٨ حاڵەتی ڕێگەنەدان بە رۆژنامەنووسان حاڵەتی دەستگیرکردن و دوو حاڵەتی سکاڵا تۆمارکردن لەسەر رۆژنامەنووسان تۆمار کراوە، هاوکات لەو شەش مانگەدا هەشت حاڵەتی دەستبەسەرداگرتن و شکاندنی کەلوپەل بەرامبەر ١٦ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، دوو دەزگای میدیاییش هێرشی ئەلیکترۆنییان کراوەتەسەر، هێرش و سوکایەتی ٧ حاڵەت بووە، کە بەرامبەر  ١٤ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە.

 

حەوت رۆژنامەنووس هێرشیانکراوەتە سەر و لێیاندراوە و ٢٥ رۆژنامەنووس لەلایەن دەزگاکانیانەوە بەبێ هۆکار دەرکراون، لەو بارەیەوە ڕێکخراوی پەیامنێران دەڵێت: لە ماوەی شه‌ش مانگی ڕابردوو لامان تۆمار کراوە، ٢٥ ڕۆژنامەنووس و میدیاکار بەهۆی ئایدیای سیاسی و میزاجی شەخسی لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانی خۆسه‌پێنی کەناڵەکان نانبڕ کراون، بێ ئەوەی حکومەت و وەزارەتی کار و کاوباری کۆمەڵایەتی و پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەتی هەبێت بۆ بەرگریکردن لە قووت و نانی ئەو میدیاکارانە یان بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ ده‌ستبه‌ر بكرێت.

 

پێشێلکارییەکان بەپێی پارێزگاکان بەمجۆرەبوون، لە دهۆک زۆرترین پێشێلکاری تۆمارکراوە کە 25 حاڵەتە، لە هەولێر 16 حاڵەت، لە هەڵەبجە پێنج حاڵەت و لە سلێمانی تەنها چوار حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە داوە، "لە کاتێکدا هیوامان دەخواست بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، کە ڕێز لە یاسا و مافە ڕه‌واکانی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بگرن لە کاتی ڕووماڵ و گواستنەوەی هەواڵه‌كاندا و پەنجە خستنە سەر کەموکوڕییەکان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان، هه‌روه‌ها گەیاندنی پەیامی هاوڵاتیان لە كاتی مه‌رگه‌ساتی ژیان و چیرۆک و ڕووداوە نەخوازراوەکان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دەبینین، ڕۆژانه لە هه‌رێمی کوردستان پێشێلکاریی زەق و ئاشکرا بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، له‌ رێگه‌ی دەستگیرکردن و چاوسوورکردنەوە مافەکانیان پێشێل دەکرێت.