لێمان شوێش: بۆ خەباتکردن خۆمان دەپارێزین نەک لەترسا

لە بۆردومانی فرۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا، لێمان شوێش، نوێنەری پێشووی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان شەهید بوو، ژنانی باشووری کوردستان هاوخەمی خۆیان دەردەبڕن و ڕایانگەیاند، هەڤاڵ ڕەیحان پەیوەندییەکی هاوڕێیەتیی لەگەڵ هەموو ژنانی کورد هەبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

شەهیدبوونی لێمان شوێش، نوێنەری پێشووی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، بووە داخێکی گەورە بۆ ژنانی باشووری کوردستان، دوای ئەوەی ٢٠ی حوزەیران لە هێرشێکی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک، هەریەک لە یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و لێمان شوێش، جێگرەکەی و هاوڵاتییەک بە ناوی فیرات تومۆ شەهیدبوون و  گۆبی شەمون، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بریندار بوو، ژنانی باشوور هاوخەمی خۆیان دەربڕی.

 

لێمان شوێش، چەندین ساڵ لە باشووری کوردستان مایەوە و نوێنەری کۆنگرەی ستار بوو لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام پەیوەندی بە ژنانەوە هەبوو، هەمیشە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا هەوڵی ئاشناکردنی تێکۆشانی بە ژنان دەدا، بووە پێشەنگێک و زۆترین تێکەڵی لەگەڵ ژنانی چالاکوان، ڕۆژنامەنووس، نووسەر و ژنانی کۆمەڵگەدا هەبوو، ئەو نمونەیەک بوو لە ژنی پێشەنگ و هاوڕێیەتی پتەوی لەگەڵ ژناندا  هەبوو.

 

"خەسارەتیکی گەورە بوو بۆ ژنانی کورد و کوردستان"

شنە بابە عەلی، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، شەهیدبوونی لێمان شوێش بە "ماڵئاوایییەکی پڕ لە ئازار" بەناو دەکات و دەنووسێت: "باوەڕ ناکەم کەسێک تۆی ناسیبێت و ئەمڕۆ لەسەر شەهیدبوونی تۆ خەمبار نەبووبێت، هەڤاڵ (ڕەیحان) نوینەری پێشووی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان بوو، پەیوەندییەکی هاوڕێیەتیی لەگەڵ هەموو ژنانی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و حزب و ڕیکخراوەکاندا هەبوو، ژنێکی تیکۆشەر و شۆڕشگێڕ بوو، ئەمە خەسارەتیکی گەورە بوو بۆ ژنانی کورد و کوردستان...".

 

نیکۆلا ئەشرەف شاڵی، چاودێری سیاسی، لێمان شوێش بە "سیمبولی تێکۆشانی ژنی کورد و درێژەپێدەری کاروانی نەمران" بەناو دەکات و دەنووسێت: "هەندێک هەواڵ وەک ڕەشەبایەکی توندی تێکدەر ناخی مرۆڤ دەهەژێنن، هەواڵی شەهیدبوونی تۆی ڕەیحان ئاسا و هەڤاڵەکانت بەهەمان شێوەیە بۆ ئێمە.

 

لە سەروبەندی هەڵمەتی چڕی تیرۆرکردنی تێکۆشەرانی کورد لەسەر خاکی کوردستان بەچاوساغی سیخوڕ و خۆفرۆشان، بەهێمنی بەگوێتدا پێم وتی تکایە ئاگاداری خۆتان بن با ئێوەش بەئامانج نەگیرێن، بەڵام لەوەڵامدا وتت 'ئێمە باکمان نیە و تاپێمان بکرێت بۆ خەباتکردن خۆمان دەپارێزین نەک لەترسا'.

 

تیرۆرکردنی تۆ و هەڤاڵەکانت نەک هەر خەباتی گەلی کورد لەپێناو ڕزگاری نەتەوەیی و سەربەخۆیی سارد ناکاتەوە، بەڵکو دەبێت بە داینەمۆی شۆڕش و هێندەیتر ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە لە تاک بە تاکی بە شەرەفی کوردستانی گەورە قوڵتر دەکاتەوە، سەرشۆڕی بۆ خۆفرۆشان، شەرمەزاربن ئەوانەی سیخوڕ و چاوساغی دوژمنانن بۆ تیرۆرکردنی سەرکردە و شۆڕشگێڕانی گەلەکەمان.

 

درود بۆ روحی پاکی تۆی ڕەیحان ئاسا و هەڤاڵەکانت، بەئەندازەی گەورەیی نازناوی شەهید کە دەخرێتە پێش ناوت بەشەهیدبونتان دڵتەنگ و غەمبارم".

 

سازە عەبدوڵا، ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان، کە پەیوەندی لەگەڵ لێمان شوێشدا بەستووە، دەنووسێت: هەر چاوەڕوان بوم بێیتەوە .. وەکو هەموو کات بە پەیامە ڕاستگۆییەکانت کە پڕ بوون لە هێز و ورە و خۆڕاگری، دانیشتنەکانمان بڕازێنیتەوە، بەداخەوە هەڤاڵ (لێمان شوێش) نوێنەری پێشووی کۆنگرەی ستار لە سلێمانی و جێگری هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ، لە شاری قامیشلۆ شەهید کرا و بەجێی هێشتین، ڕۆحت شاد و گیانت ئاسودە بێت، ژنە جوامێرەکە .."