زیاتر لە ١٠ هەزار کۆچبەر کەناڵە مەترسیدارەکانی بەریتانیایان تێپەڕاندووە

بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ١٠ هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک کەناڵەکەیان تێپەڕاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماری کۆچبەری نایاسایی بڵاوکردووتەوە و بەپێی ئامارەکان تەنها ڕۆژی شەممە، حەوت بەلەم کە ٣٧٤ کەسی تێدابوو گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا، کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ڕێگەی ئەم کەناڵە مەترسیدارەوە هاتوونەتە ناو کەناراوەکانی بەریتانیا گەیشتووەتە ١٠ هەزار و ١٣٩ کۆچبەر.

 

سەرەڕای بەرزی ئامارەکە، بەڵام لەچاو ساڵی پاردا ئامارەکە کەمترە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، لەگەڵ لەباربوونی کەشوهەوادا لێشاوی کۆچبەری نایاسایی بۆ کەناراوەکان زیاتر بووە، لە نێوان ١٠-١٧ی حوزەیران زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ کەس گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا، کە ئەم ڕێژەیە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس بووە.

 

حکومەتی پارێزگاران کە ساڵانێکە بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری نایاسایی کردووەتە لەپێشینەی کارەکانی، لە بەرامبەر لێشاوی کۆچبەران بەردەوامە لە توندکردنەوەی سیاسەتی خۆی، لە پڕۆژە یاسایەکدا کە ڕەخنە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێت، لەندەن بە نیازە ڕێگری بکات لەو کۆچبەرانەی کە دەگەنە ئەودیوی کەناڵەکە و داوای مافی پەنابەری دەکەن، بەهەمان شێوە ساڵی ڕابردوو حکومەت یاسایەکی دەرکرد کە ڕێگەی بە پەناخوازان دەنێرێت بۆ ڕواندا، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری ئەوروپا ڕێگری لە جێبەجێکردنی کرد.