یونسێف: زیاتر لە ٤٣ ملیۆن منداڵ ئاوارەن
ڕێکخراوی یونسێف، ئاشکرایکرد تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٤٣.٣ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا ئاوارەبوون کە بەهۆی ململانێ و تووندوتیژییەوە بووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی یونسێف، ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە دۆخی منداڵان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی منداڵانی ئاوارە دووقات بەرزبووەتەوەو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، زیاتر لە ٤٣.٣ ملیۆن منداڵ بەهۆی جەنگ و ململانێوە ئاوارەبوون.
کاسرین ڕوسێل، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی یونسێف لەبارەی دۆخی منداڵان لە ١٢ مانگی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە دەیەیەکە، ژمارەی ئەو منداڵانەی ئاوارە بوون بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە و توانای جیهانیش بۆ بەهاناوەچوونیان بە شێوەیەکی جدی لەژێر فشاردایە، ئەو زیادبوونەش هاوکاتە لەگەڵ فراوانبوونی ململانێکان و کارەساتی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەرانسەری جیهاندا.
ڕێکخراوی یونسێف، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە نزیکەی ٩٤٠ هەزار منداڵ بەهۆی شەڕی سوودانەوە ئاوارە و پەنابەر بوون.
گۆڕانی کەشوهەواش بووتە هۆی ئاوارەبوونی منداڵان
ئەوەشخراوەتەڕوو کارەساتە سرووشتییەکانی لە ئاکامی گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتی لە وڵاتانی وەک پاکستان و ژمارەیەک وڵاتانی ئەفریقا، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٢ ملیۆن منداڵی ئاوارە کردووە.
یونسێف ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەی منداڵە ئاوارەکانی جیهان لە دۆخێکی دژواردا دەژین و زۆرینەشیان دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و خوێندن و چاودێریی تەندروستی ناگات.