ئاگربەستی ٧ ڕۆژە لە سودان ڕۆژی دووشەممە دەستپێدەکات

بڕیاری ئاگربەستی ٧ ڕۆژە لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان دراوە و لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستپێدەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سودان، پێکدادانەکان لە ١٥ی نیسان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستیپێکرد، بەم دواییانە ڕاگەیەندرا کە ئاگربەستێکی حەوت ڕۆژە لە نێوان هەردوولادا دەکرێت و سعودیە و ئەمەریکا ڕایانگەیاند ئاگربەستەکە ڕۆژی دووشەممە دەستپێدەکات.

 

یەکێتی پزیشکی سودان لە دوایین ڕاگەیەندراوی خۆیدا ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە شاری خەرتوم و عوبەید و کونین کە سەر بە پارێزگای دارفۆری ڕۆژهەڵاتی سودانن، بە کۆی گشتی ٨٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٢١٥ کەسیش برینداربوون، بەهۆی ناکۆکییەکانی وڵاتەکەوە، ٨٤٣ هەزار کەس ئاوارە بوون.

 

کۆبوونەوەکه بەردەوام دەبێت

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سپای سعودیە، ئاگربەستی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی سعودیە و ئەمەریکادا پشتڕاستکراوەتەوە، ئاگربەستەکە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ئایار کاتژمێر ٢١:٤٥ بە کاتی ناوخۆی سودان جێبەجێ دەکرێت و گفتوگۆکان لە شاری جەدە بەردەوام دەبن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سودان، ئاگربەستەکە کە بۆ ماوەی ٧ڕۆژ بەردەوام دەبێت بە ڕەزامەندی لایەنەکان درێژ دەکرێتەوە، هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئاگربەستەکە میکانیزمێک دەبێت بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە کە سعودیە و ئەمەریکا پشتیوانی لە ئاگربەستەکە دەکەن.