هەڵەبجە؛ لە مەراسیمی "تیدئێکس ئاشتی"دا تەنها یەک ژن بەشدارە

بێریڤان جەلال، وەرزشوان، لەناو دەیان کەسایەتیدا تاکە ژن بوو کە ئەزموونی ژیان و سەرکەوتنی خۆی لە مەراسیمی "تیدئێکس ئاشتی"دا باسکرد.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە یەکەم مەراسیمی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی بەناوی "تیدئێکس ئاشتی" بەڕێوەچوو، کە ١٠ کەسایەتی قسەکەر باسی ئەزموونی ژیانی خۆیان کرد و تەنها یەک ژن بە ناوی بێریڤان جەلال بەشداربوو.

 

بێریڤان جەلال، تاکە ژنە لەسەر شانۆی تیدئێکس باسی ئەزموونی ژیانی خۆی گێڕایەوە، بۆ نوژنها وتی: یەکەمجارە لە مەراسیمەکەدا بەشدارم و ئەزموونی ژیانی خۆم دەگێڕمەوە، داوا لە ژنان دەکەم، کۆڵ نەدەن و متمانەیان بە خۆیان هەبێت، یەقینیان بۆ سەرکەوتن هەبێت، هەر ئەمەش وای لە من کرد، ببم بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و چەندین نازناوی ناوخۆ و دەرەوەیی بەدەستبهێنم.

 

بێریڤان باس لەوەش دەکات کە ژنان توانایان هەیە بگەن بە خەون و ئامانجەکانیان و ڕۆژێک لەسەر شانۆی تیدئێکس سەرکەوتنەکانیان بنووسنەوە.

 

کەوسەر بەشیر وەک ڕێکخەر و خۆبەخشی تیدئێکس ئاشتی باسی لەوەکرد، "ئەمە یەکەمین چالاکی نێودەوڵەتییە لە هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت، شارەکە خاوەنی چەندین کەسی بەتوانایە و ژیانی خۆیان لەگەڵ گەنجەکانمان هاوبەشی پێدەکەن، لەگەڵ ئەوەی یەک ژن بە ئەزموونەکانی بەشدارە، بەڵام لە باش بەڕێوەچوونی تیدئێکسەکەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە و هیواخوازین لە داهاتوودا ژنانی زیاتر هەبن سەرکەوتنەکانیان باس بکەن.

 

پرژە بەهادین لە ستافی نەخۆشخانەی وێست ئای، کە یەکێكە لە سپۆنسەرەکانی مەراسیمەکە وتی: وەک تیمی ویست ئای ئامانجمانە هاوکار بین بۆ ئەوەی بیروڕای گەنجان بگەیەنینە سەرجەم ئەو گەنجانەی خوازیاری سەرکەوتنن.