لە ماوەی هەفتەیەکدا لە عەفرین دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ٢ منداڵ کراوە

لە عەفرین کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا دایە، ڕۆژانە هەواڵی دەستدرێژی سێکسی بڵاودەکرێنەوە، لە ماوەی هەفتەیەکیشدا ٢ منداڵ دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر.

عەفرین

 

لەدوای داگیرکردنی عەفرین لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی سەر بە تورکیاوە، کردەوە و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ناوچەکە بەبێ پچڕان بەردەوامە، منداڵێکی ١٤ ساڵ لەلایەن چەتەیەکەوە بە ناوی سەلاح قاسم، کە ئەندامی سوپای ئیسلامیە دەستدرێژی کراوەتە سەر.

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، دوای ئەوەی دەستدرێژی کراوەتە سەر منداڵەکە و خێزانەکەش هەواڵی ڕووداوەکەیان بیستووە، چەتەکە ڕایاکردووە، بەڵام بەمەبەستی بێدەنگکردنی ڕووداوەکە چەتەکە، سەلاح قاسم لەلایەن سوپاوە دەستگیرکراە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، ئەو منداڵەی دەستدرێژی کراوەتە سەر، کۆچبەرێکی شاری حەلەبە و لە عەفرین نیشتەجێ بووە.

 

دووەم ڕووداوە لە ماوەی هەفتەیەکدا

جێی ئاماژەیە، هەر هەمان هەفتە و لە ٦ی ئایاردا، منداڵێکی ١٠ ساڵی دیکە، کە خەڵکی شارۆچکەی شییە سەر بە عەفرینی داگیرکراوە، لەلایەن چەتەیەکەوە بە ناوی ئەحمەد مەمدوح، ئەندامی گروپی "ئەلئەمشێت"ە، دەستدرێژی کراوەتە سەر.