کەرکوک، باوکێک بە گولـلە منداڵە کچە ٧ ساڵانەکەی بریندار کرد

لە کەرکوک، باوکێک دەستڕێژی گوللـەی لە منداڵێکی کچی خۆی کردووە، کە تەمەنی ٧ ساڵانە و بەسەختی بریندار بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

منداڵانی کچ کە هەمیشە دەبنە ئامانجی توندوتیژییەکان چ لەناو خێزان یان دەرەوەی خێزانەکانیان بێت، لە نوێترین تاواندا باوکێک لە شاری کەرکوک دەستڕێژی گولـلەی لە منداڵە ٧ ساڵانەکەی خۆی کردووە و بە سەختی برینداری کردووە.


پۆلیسی کەرکوک کە تاوانەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە گەڕەکی دۆمیزی باشووری شاری کەرکوک باوکێک لە دۆخی "سەرخۆش"ی لەژێر کاریگەری ماددەی کهولیدا تەقەی لە منداڵێکی کچی تەمەن ٧ ساڵانی خۆی کردووە و بەسەختی برینداری کردووە.

 

 ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و وتەکانی تۆمارکراون و بەپێی ماددەی ٣٥/٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەش لەو بارەیەوە بەردەوامە.
 

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە: فەرماندەیی پۆلیس ڕێگە بە هیچ کەسێک نادات یاسا بشکێنێت، یان هاوڵاتیان بکاتە ئامانج، بەپێی یاسای دژە تیرۆر مامەڵە دەکرێت لەگەڵ ئەو جۆرە حاڵەتانە لە داهاتوودا.