لە سەکۆی ئازادی سلێمانییەوە پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز دەکرێت
بۆ پشتگیری کردنی پارتی چەپی سەوزو هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، سبەینێ لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی سلێمانی کەرنەڤاڵێک ڕێکدەخرێت.
ناوەندی هەواڵ
بڕیارە ١٤ی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمارو پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت، کوردەکان لە هەموو لایەکی جیهانەوە بۆ سەرخستنی پارتی چەپی سەوز و هەدەپە پشتگیری خۆیان دووپاتدەکەنەوە، بڕیارە سبەینێ ٨ی ئایار، چالاکییەک بۆ ئەو مەبەستە لە شاری سلێمانی بە ناونیشانی "سەرکەوتنی ئێوە، شکستی فاشیزم و دیکتاتۆرییە" بەڕێوەدەچێت.
چالاکییەکە لە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی دەبێت.لە بانگەوازی چالاکییەکەدا هاتووە:
"بە دەستپێشخەریی کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و هونەرمەند و کەسایەتیی گەلی باشووری کوردستان، کەڕنەڤاڵێکی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە کوردانی باکوور و سەرخستنی پارتی چەپی سەوز، لە هەڵبژاردنی تورکیادا، ساز دەکرێت, ئامادەبوونتان پشتگیرییە لە ئاشتی و دیموکراسی".