حکومەتی ئێران لە ماوەی ٤ مانگدا ١٩٩ کەسی لە سێدارە داوە

بە پێی داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕژێمی ئێران لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لانیکەم ١٩٩ کەسی لە سێدارە داوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ١٩٩ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون، ٥١ کەسیان کوردن و ٤٢ کەسیشیان هاوڵاتی بەلوچن، ڕژێمی ئێران ناسنامەی ئەو ٣١ کەسەی دیکەی ئاشکرا نەکردووە کە لە سێدارە دراون.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ٦ زیندانی عەرەب بە ناوەکانی عەلی مەجدەم، محمد ڕەزا موقەدەم، موعین خانفاری، حەبیب داریس، عەدنان قوبیشاوی و سەلیم موسەوی کە بە هۆکاری سیاسی دەستبەسەر کراون، ڕەوانەی زیندانی شیبان لە ئەهواز کران بۆ ئەوەی سزای لە سێدارە دانیان بەسەردا بسەپێنن، ئەو زیندانیانە ڕۆژی ١٤ی شوبات لە دادگای ئەهواز لەلایەن لقی ٤ی ئینقلابی ئیسلامی ئێرانەوە سزایان بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو ٦ کەسە کە بۆ لەسێدارەدان نێردراون سەر بە بزووتنەوەی سیاسی "حرکة النضال" بوون.

 

حەبیب کە لە تورکیا ڕفێندرابوو، ئەمڕۆ لە سێدارە درا

"بزووتنەوەی خەباتی عەرەبی بۆ ڕزگاری ئەهواز" لە ساڵی ١٩٩٩ بە داواکاری ئۆتۆنۆمی ناوچەی خوزستان کە زۆربەی عەرەبەکان تێیدا دەژین، دامەزرا، حەبیب فەرەجوڵا چاب، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە تورکیا ڕفێندرا و لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لەم ماوەیەدا لەسێدارەدرا.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠دا حەبیب لەلایەن گروپێکەوە، کە لە ئێران کاردەکەن، لە تورکیاوە ڕفێندرا و برایەوە ئێران و لە ئەنجامی دۆسیەکەشدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش هاتووە، کە حەبیب دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنێک کە سیخوڕی ئێرانی بووە لە تورکیا ڕفێندراوە.