داڕمانی ئابوری یەمەن بووەتە هۆی مردنی دەیان هەزار کەس

ململانێی یەمەن لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بووەتە هۆی داڕمانی ئابوری وڵاتی یەمەن و بە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٦٪ی دامەزراوە تەندروستییەکان لە سەرتاسەری یەمەن بەشێوەیی نیوەیی کار دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی بەردەوامی شەڕ و ململانێ، خەڵک لە یەمەن ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە و بووەتە هۆی داڕمانی ئابووری یەمەن و بە دەیان هەزار کەس کوژراون و ئەمساڵ ٢١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنی مرۆیی هەیە.

 

نزیکەی ٪٤٦ی ناوەندە پزیشکییەکان لە سەرتاسەری یەمەن بەشێوەیەکی نیوەیی کاردەکەن یان بەتەواوی لەکارکەوتوون، بەهۆی نەبوونی کارمەند، کارەبا، یان دەرمان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان بەتایبەتی سورێژە، تای خوێنبەربوون، کۆلێرا و ئیفلیجی منداڵان، خەریکە تەندروستی یەمەن خێراتر خراپ دەبێت و قەیران و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ کاریگەری نەرێنی زۆری هەبووە، زیانگەیاندن بە سیستەمی تەندروستی، تێکچوونی سیستەمی ئاو و پاکوخاوێنی و کەمی هەڵمەتی کوتانیش لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیانەن.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی توانیویەتی تا ساڵی ٢٠٢٢ کەرەستەی پزیشکی و ڕاهێنانی پێویست پێشکەش بە نزیکەی ٧.٨ ملیۆن کەس بکات، کە دەکاتە نزیکەی ٪٦٢ و ئەو ١٢.٦ ملیۆن کەسەش لەخۆدەگرێت کە بەپێی پلانی بەرپەرچدانەوەی مرۆیی ئەمساڵ کراونەتە ئامانج.

 

ئەم ڕێکخراوە چاودێری ڕزگارکەری ژیانی پێشکەش بە زیاتر لە ٦٠ هەزار منداڵی یەمەن کرد،کە بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن لەگەڵ ئاڵۆزییە پزیشکییەکان، پشتڕاستی کردەوە کە لەگەڵ هاوبەشە تەندروستییەکانی یەمەن چاودێری ئەنجامەکان دەکەن، بەڵام ڕاگرتنی پاڵپشتی تەندروستی بۆ ٢٣ لە کۆی ٤٣ بنکەی تەندروستی لە شاری مەریب کە زۆرترین ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی یەمەن لەخۆدەگرێت، خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی بۆ نزیکەی ٢.٨ ملیۆن کەس دەبڕدرێت، کە زۆربەیان لە گروپە هەژارەکانی ناوچەکەن.