کاندیدی ماڵاتیا: شارەکەمان بونیاد دەنێینەوە

پەریهان یوجەکایا، کاندیدی بازنەی یەکەمی پارتی چەپی سەوز، یەکێکە لە زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە و بارودۆخی ئەم دواییەی شارەکەی هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک دەچن بۆ کۆبوونەوە، جارێکی دیکە وەک یەکەم ڕۆژ پشتیوانی لە دانیشتوانی ماڵاتیا دەکەن.

ماڵاتیا

 

دوای دوو بوومەلەرزەی گەورە، یەکێک لەو شارانەی کە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە، ماڵاتیایە کە سێ هەزار و ٦٧٠ شوقە وێران بوون و هەزاران کەسیش زیانیان بەرکەوت، دوای بوومەلەرزەکە لەو شارەی کە هەزاران کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، ئەوانەی مابوونەوە هەوڵیاندا لە بارودۆخێکی سەخت و لەبەردەم سەرمادا درێژە بە ژیان بدەن، وەک ناوچەکانی دیکەی بوومەلەرزەکە، یارمەتی بۆ ماڵاتیا نەچوو، هیچ کارێکی گەڕان و ڕزگارکردن ئەنجام نەدراوە، خەڵکەکە هەوڵیاندا ئەو کەسانە ڕزگار بکەن کە لەژێر بینا ڕووخاوەکاندا مابوونەوە، هەزاران کەس بۆ چەندان ڕۆژ تینوو و برسی بوون و ئاو، خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی تریان نەبوو.

 

هێشتا زۆرێک لە داروپەردووەکان لانەبراون

دوو مانگ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕی، بەڵام هێشتا گرفتەکان لە شارەکە چارەسەر نەکراوە، چەندین بینای ڕووخاو ماون کە لانەبراون، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هێشتا تەرمەکان لەو شوێنانەدا هەن، ئەوانەی لە شارەکە مابوونەوە لە پێداویستی زۆر بێبەش بوون، هەروەها لەگەڵ لافاو و باراندا تێدەکۆشان و چادرەکانیان پڕ بوون لە ئاو.

 

بەهۆی پاشماوەکانی بوومەلەرزەکەوە هیچ کشتوکاڵێک نییە 

لە ماڵاتیا چەندین ناوچەی کشتوکاڵی زیانیان بەرکەوتووە، بەرهەمهێنەران ئاشکرای دەکەن ژیانی بازرگانی وەستاوە و هیچ هەنگاوێک لەو بارەیەوە نەگیراوەتەبەر، لە لایەکی ترەوە، دارووپەردووی بینا و شوقەکان لەوانە ئەسبێز، دەڕژێنە ناو کێڵگە کشتوکاڵییەکان، بەرهەمهێنەران ئەم دۆخە بە "شکستی ئابووری" ناو دەبەن.

 

تابلۆکە دەگۆڕێت

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ بەڕێوەدەچێت، لە ماڵاتیاش خەڵک پشتیوانی خۆی دەردەبڕێت، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨، ٦ پەرلەمانتار لە ماڵاتیا هەبوون، لەو نوێنەرانە، پێنجیان لە هاوپەیمانی جمهور بوون و یەکیان لە هاوپەیمانی میللەت بوو، هەروەها هەدەپە لەو هەڵبژاردنەدا ٣٣ دەنگی کەمتر لە ٧٥٧ دەنگی بەدەستهێنا، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، دوای بوومەلەرزەکە، دۆخەکە لە شارەکە دەگۆڕێت.

 

"گەل دەیانەوێت گۆڕانکاری بکەن"

لە ماڵاتیا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەستیپێکرد و پەریهان یوجەکایا، کاندیدی بازنەی یەکی پارتی چەپی سەوز، یەکێک لە زیانلێکەوتتوانی بوومەلەرزەکە، باسی لە تێبینییەکانی خۆی لە شارەکە کرد و ڕایگەیاند کە خەڵک لەسەر سندوقەکانی دەنگدان لێپرسینەوە دەکەن.

 

پارتی چەپی سەوز پێنج کاندیدی لە ماڵاتیا دیاریکردووە، هەڵمەتی هەڵبژاردن هەم لە شارەکە و هەم لە گوندەکان دەستیپێکردووە، پەریهان یوجەکایا ئاماژەی بەوەدا لە ٦ی شوباتدا کارەساتێکی گەورە لە شارەکە ڕوویداوە و لە سەرەتای ڕۆژەوە دەوڵەت هیچی بۆ ناوچەکانی بوومەلەرزەکە نەکردووە، بە هاوکاری خەڵک هەوڵی ساڕێژکردنی برینەکان دراوە.

 

وتی: خەڵک لە ژێر داروپەردوودا مانەوە، هەرچەندە دوو مانگ تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا داروپەردووەکان لە ناوەندی شارەکەدا ماون، هەروەها ئەو داروپەردووانەی کە لادەبرێن لەو شوێنانە دەڕژێن کە خەڵک تێیدا دەژین، خەڵک باش دەزانن کە حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە، باوەڕمان وایە کە خەڵک بە باشی وەڵامی دەسەڵات دەدەنەوە، گەنجان دەڵێن ئێستا کاتی ڕۆیشتنی دەسەڵاتە.

 

پەریهان یوجەکایا ئاماژەی بەوەشکرد دەسەڵاتداران دەستیان کردووە بە یاریکردن دژی توڕەیی خەڵک و وتی: دەزانین بە نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنەکان نادڵنیایی دەستیپێکردووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، دەنگدەران لە دەرەوە هێندراون بۆ ئێرە، خەڵک لەم دۆخەدا کاردانەوەیان هەیە و دەزانن چی ڕوودەدات، زۆر باش دەزانن کە بەتەنیا لەو کارەساتەدا جێهێڵدران، بۆیە دەڵێن ئەوەی ڕوودەدات لە هەڵبژاردنەکاندا ڕوودەدات، بەڵێن دەدەین، ئێمە لەگەڵ ژنان و کرێکاراندا دەبین، ئێمە پشتیوانی لەو یەکێتییانە دەکەین کە زیانیان بەرکەوتووە، ئەو هاوڵاتییانەی ماڵەکانیان وێران بووە لەگەڵیان دەبین.

 

"ئەم شارە بونیاد دەنێینەوە"

پەریهان یوجەکایا لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە خەڵک کرد کە هاوکارییان بکەن و بەڵێنی دا ئەو شارە بونیاد بنێنەوەو وتی : ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و هەوڵی بونیادنانەوەی ژیان دەدەن ژنن، کاتێک ئێمە هەڵدەبژێردرێین، لە پەرلەمان کار دەکەین بۆ بونیادنانەوەی شارەکە و خەباتکردن بۆ مافەکانی ژنان، هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە زیانەکانی خەڵکی ماڵاتیا بێت، ئەو پشتیوانییەی کە ئێمە لێرە دەستمان پێکرد لە ڕۆژی بوومەلەرزەکەدا، بەردەوامی پێدەدەین و ئەم شارە دووبارە بونیاد دەنێینەوە.