خەڵکی سەمسور بانگەوازیان بۆ دەسەڵاتداران کرد: ئێمە مافی خۆمان حەڵاڵ ناکەین

دانیشتووانی سەمسور ڕایانگەیاند، ئەو کارەسات و ئازارەی بەسەریان هاتووە، لەبیرناکەن و دەنگ نادەین بە حکومەت و مافی خۆمان حەلال ناکەین.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- خەڵکی سەمسور کە لە بوومەلەرزەکەدا ماڵەکانیان وێران بووە و کەسوکاریان لەدەستداوە، لە جەژنی ڕەمەزاندا لە گۆڕستان دەبن، کە گۆڕاوە بۆ شارێکی گەورە، ژنان ڕایدەگەیەنن، بە ئازار و ماتەمینییەوە پێشوازی لە جەژن دەکەن، هەروەها ئەوەی لە بوومەلەرزەکەدا ڕوویدا لەبیریان ناچێتەوە.

 

"کاتێک دێنە بەردەممان، دەزانم چیان پێبڵێم"

قوربانیانی بوومەلەرزەکە باسیان لە هەڵوێستی خۆیان کرد سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ١٤ی ئایار، ئاماژەیان بەوەدا، قبوڵ ناکەن حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە داوای دەنگیان بکەن لە هەڵبژاردنەکەدا.

 

حوسنیە یانیک ژنێکە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە دەیان کەسوکاری لەدەست داوە و لەناو ئەو ئازارانەدا هەوڵدەدات درێژە بە ژیانی خۆی بدات، باس لەوە دەکات کە خەڵکێکی زۆر کەم لە شارەکەدا ماوە، دەمەوێت لێپرسینەوە لە دەوڵەت و حکومەت بکەم کە هۆکاری ئەو کارەساتە گەورەیە بوون لە بوومەلەرزەکەدا، وتیشی: "کاتێک دەچینە گۆڕستانەکان، پەیوەندیمان لەگەڵ جیهان کۆتایی دێت، تۆ دەپرسیت 'ئەم کۆمەڵکوژییە چۆن بوو؟' ٣ ڕۆژ کەس سەیری جەستەی ئێمەی نەکرد، ئێمە بە دەستی خۆمان گەلەکەمان لەژێر داروپەردوودا دەرکرد، ئەم ڕۆژانە هەرگیز لەبیرمان ناچێتەوە، ئەم زیانانە هەمووی بەهۆی کەمتەرخەمیەوە بووە، زۆریان مابوون دەکرا ڕزگار بکرێن، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمییەوە ژیانیشیان لەدەستدا، داوای لێپرسینەوە لە کێ بکەین؟ کەس نایەتە بەردەممان، ئەگەر بێن دەزانم چیان پێبڵێم، دەڵێم سێ ڕۆژ لە کوێ بوون؟ ئایا شوێنێکی تەندروست لە سەمسور ماوەتەوە؟ هەریەکەمان لە بوومەلەرزەکەدا ١٠ کەسمان لەدەستدا.

 

"هیچ دەنگێک بۆ ئاکەپە نییە"

حوسنیە یانیک ڕایگەیاند، وەک قوربانیانی بوومەلەرزەکە چاوەڕێێ ئەو ڕۆژەن لێپرسینەوە لە دەسەڵات بکرێت، دەربارەی هەڵبژاردنەکانیش وتی: هەموو ئەندامانی خێزانەکە نەماون، کێ ئەم ئازارە لەبیر دەکات؟ ئایا جەژن بۆ ئێمە ماوە؟، جەژن بۆ ئێمە نەماوە. هەرگیز دەستبەرداری مافی خۆم نابم و حەڵاڵی ناکەم، تا ئێستاش چادرم نییە، با حکومەت داوای دەنگ نەکات، هیچ دەنگێک بۆ حکومەت نییە، ئایا من هەستم بچم بۆ دەنگدان؟ ئایا ئەوان هاتن تەرمەکانم هەڵبگرنەوە؟ دەنگیان دەوێت؟، هیچ دەنگێک بۆ ئاکەپە نییە.

 

"ئەو گۆڕستانەی ١٠ ساڵ پڕنەکرایەوە بە دوو ڕۆژ پڕ بووەوە"

ساکینە موتلو کە ١٣ ئەندامی خێزانەکەی لەدەستداوە، ئەمساڵ سەردانی سەرجەم گۆڕەکان دەکات، باسی لەوەکرد، ١٠ ساڵە گۆڕستانەکە پڕ نەبووەتەوە، بەڵام لە دوو ڕۆژدا هەزاران کەسی تێدا نێژرا و وتی: هەموو گۆڕستانەکانی شار پڕن، ئەمانە هەمووی مردووی ئێمەن، ئەگەر لە کاتی خۆیدا هاتبان بۆ ڕزگارکردن، نیوەیان ڕزگار دەکران، خوشکەزاکەم سێ ڕۆژ گریاوە. داوای ئاوی کرد، کەس نەیدەتوانی بیهێنێتە دەرەوە، منداڵەکان بە هاوارەوە گیانیان لەدەستدا، سەدان هەزار کەس بەجێهێڵران بۆ مردن، هێشتا تەرم لە ژێر وێرانەکانەوە دەکێشرێنە دەرەوە.

 

ساکینە موتلو داوای لێپرسینەوەی لە ڕووداوەکان کرد و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەمساڵ لە گۆڕستان پێشوازی لە جەژن دەکەم، هەر یەکێک لە خزمەکانمان لە گۆڕستانێکە، ئەو ڕۆژە سەردانی هەموو گۆڕستانەکانی شار دەکەم، من مافی خۆم حەڵاڵ ناکەم، کێ چی دەڵێت با بیڵێ، دڵی من چۆن سووتا، با هی ئەوانیش بسوتێ، جگەری سەمسوورییەکان سووتا، ئەم جەژنەمان لە گۆڕستان دەبێت.