٣٥ەمین یادی ئەنفال؛ ڕێگە نادەین بەرپرسان یادی کەسوکارمان بکەنەوە

لە ٣٥ەمین ساڵیادی شاڵاوی ئەنفالدا، ئەمڕۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕایانگەیاند، ڕێگە نادەن بەرپرسانی حکومی و حزبی بەشداری یادی ئەنفال بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر مەزاری ئەنفالکراوەکانی گەرمیان لە گوندی دێبنە بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و ڕاگەیەنراوێکیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە و تیایدا داوایان لە کەسوکاری ئەنفالکراوان کرد، کە چەند ساڵە یادی کەسوکارەکانیان بایکۆت  کردووە، ئەمساڵ لەگەڵیاندا بن و ڕێگەش نادەن بەرپرسانی حکومی و حزبی بەشداری یادی ئەنفال بکەن.

 

داواکاری کەسوکاری ئەنفالکراوان:

۱ ـ هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکان لە وڵاتی لمەوە بۆ باوەشی نیشتیمان بە پشکنینی DNA.

۲ـ بە دادگا گەیاندنی جاش و ئەنفالچی و داواکراوانی دادگای باڵای تاوانەکان .

۳ـ دامەزراندنی کوڕ و کچی باوکی ئەنفالکراوی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان .

٤ـ دروستکردنی هۆڵێکی فراوان و شایسته لە مۆنۆمێنێتی دێبنە.

٥ـ زیادکردنی ڕێژەی زیاتری دایکە هاوسەر ئەنفالکراوەکان  بۆ فەریزەی حەجی ساڵانە و لە ئەستۆ گرتنی تێچووەکەی .

٦ـ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی زەوی زیندانیانی سیاسی ئەنفال و تەرخانکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆیان .

۷ـ تەواوکردنی ڕێکاری یاسایی موچە و مینحەی زیندانیای سیاسی  ئەنفال وەجبەکان ۹و۱۰ و ۱۱ و ۱۲.

٨ـ یاسای تاقانەکانی ئەنفال جێبەجێبکرێت.

۹ـ خزمەتی ئەو گوند و ناوچانە بکرێت، کە زەرەر و زیانی زۆریان پێگەیشتووە لە کاتی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە کەسوکاری ئەنفالی لێ نیشتەجێیە وەک شارەدێی ڕزگاری لە گەرمیان و شۆڕش لە چەمچەماڵ.

١٠ـ کاری فلیمسازی لەسەر تاوانی ئەنفال و بە دونیا ناساندنی لەو ڕێگایەوە بکرێت.