یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس بەهۆی نەبوونی ئاو و خۆراکەوە لە سۆماڵ ئاوارە بوون
وشکەساڵی و شەڕی ناوخۆیی لە سۆماڵ ژیانی خەڵکی وێران کردووە و یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار هاوڵاتی بەهۆی نەبوونی ئاو و خۆراکەوە ئاوارە بوون، ٨ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار هاوڵاتیش کاریگەرییان لەسەرە.
ناوەندی هەواڵ
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی سۆماڵی کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە زووترین کات هاریکاری پێشکەشی ئەو وڵاتە بکات کە ڕووبەڕووی "زریانێکی تەواو" لە وشکەساڵی بووەتەوە.
ئاماژە بەوەکراوە، ئەم دۆخەی لە سۆماڵ هەیە تێکەڵەیەکە لە تیرۆر و وشکەساڵی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە هاتووەتە ئاراوە، ئەمە زریانێکی بەهێزە بۆ خەڵکی سۆماڵ و پێویستی بە پاڵپشتییەکی زۆر گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەی خستووەتەڕوو، خەڵکی سۆماڵ ئاژەڵە ماڵییەکانیان و موڵکەکانیان لەدەستداوە، هەموو شتێکیان لەدەستداوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ ئامادەییەکی بۆ پاڵپشتیکردنی سۆماڵ نیشان نەداوە، داوا کراوە، دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار هاریکاریی مرۆیی بگەیێندرێتە سۆماڵ، بەڵام تەنیا ١٥%ی ئەو بڕە پارەیە کۆکراوەتەوە.
ماوەی ٥ ساڵە لە سۆماڵ وشکەساڵییە و یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار هاوڵاتی بەهۆی نەبوونی ئاو و خۆراکەوە ئاوارە بوون، هەروەها ٨ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی کاریگەرییان لەسەرە.