"نەورۆز بۆ گەلی کورد خۆشەویستی ژیان و ئازادی و سەرکەوتنە"
ئایشە ئەفەندی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان ئاماژەی بەوەکرد، نەورۆز بۆ گەلی کورد لەدایکبوونی ئازادی و ڕووناکییەو کەس ناتوانێت نەورۆزی گەلی کورد بوەستێنێت.
بەرچەم جودی
کۆبانێ- نەورۆز جەژنێکی نەتەوەیی گەلی کوردە کە چەندین سەدەیە پیرۆز دەکرێت، کورد ٢١ی ئادار وەک ڕۆژی یەکگرتن و بەرخۆدان و ڕاپەرین و ئازادی ناوزەد دەکات، لە مێژووی گەلی کورددا چیرۆکی نەورۆز لەسەر داستانی کاوەی ئاسنگەر بەو پێیە کاوەی ئاسنگەر لە دژی ئەو زوڵمی پاشا کە دەوڵەتی کوردی داگیر کرد و خوێنی ڕشت کە ئەویش زوحاکە ڕاپەری، کاوە سەرکەوتنی بەرخۆدان و ئازادی لە کۆیلایەتی و زاڵبوون بە ئاگردانەوە ڕادەگەیەنێت، ئەو ڕۆژە دەبێتە ڕۆژێکی نوێ بۆ کورد و ناوی ئەم جەژنە "ڕۆژی- نوێ"یەو یەکێک لە مەڕاسیمە سەرەکییەکانی ئاهەنگگێڕانی نەورۆز ئاگرە، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆش گەلی کورد لە ٢١ی ئاداردا هەموو ساڵێک بە کلتور و خۆشەویستی و پەرۆشییەوە پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەکات.
نەورۆز بووە ڕاپەرین، ڕاپەرین بوو بە نەورۆز
چەندین سەدەیە لە هەموو هەلومەرجێکدا نەورۆز لەلایەن گەلی کوردەوە پیرۆز دەکرێت، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، جەژنی نەورۆز چووە قۆناغێکی نوێوە بەواتایەکی تر مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ڕەنگی نەورۆز لە ئاهەنگ و پیرۆزبایی، لەگەڵ بزوتنەوەی کوردستان گەڕایەوە ئامانجی سەرەکی ڕاپەڕینی کاوەی ئاسنگەر لە دژی سەرکوت و داگیرکاری و کۆیلایەتی، ئەم بیرۆکەیە لە لایەن مەزڵوم دۆغان و زەکیە ئەلکان و ڕاهشان دەمیرەل و ڕۆناهی و بێریڤان و سەما یوجە و هتد جێبەجێ کرا، کە لە دژی زوحاکەکانی ئەو سەردەمە ئاگری نەورۆزیان لە لاشەی خۆیان بەردا، هەر بەو هۆیەوە ماوەی ٥٠ ساڵە پەیامی بەرزبونەوەی بەرخۆدان و ڕاپەڕینی کاوەی ئاسنگەر لە هەموو نەورۆزێکدا نوێدەکرێتەوە.
بەم بۆنەیەوە، ئایشە ئەفەندی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان هەست و واتا و گرنگی نەورۆزی بۆ ئاژانسەکەمان خستەڕوو.
"نەورۆز لەدایکبوونی گەلی کوردە"
لە سەرەتای قسەکانیدا، ئایشە ئەفەندی بەم وشانە باسی لە مانای نەورۆز کرد و وتی: "نەورۆز لەدایکبوونی گەلی کوردە، هیوا و خەونەکانی هەزاران ساڵە بە بۆنەی نەورۆزەوە دەردەبڕدێن، نەورۆز ئاشقی ژیانی گەلی کوردە ئاڵای سەوز و سوور و زەرد کە لە نەورۆزدا بەرز دەکرێتەوە و ئەو ئاگرەی کە دەکرێتەوە نیشانەی ڕزگاری گەلی کوردە، ئێستا ئاهەنگ و پێشوازی لە جەژنی نەورۆز ئازاد بووە، بەڵام لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا تامی نەورۆز جیاواز بوو وەک چۆن ئێمە وەک گەلی کورد چاوەڕوانی ئەم ڕۆژە بووین، دوژمنیش هەمان کاری دەکرد ڕژێمی سوریا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی وەستان و لەبیرکردنی جەژنەکەمانی دەدا، تا ئەو کاتەی لە بیرمە پێکهاتەی عەرەب چاوەڕێی ٢١ی ئادار بوو باران ببارێت، بەڵام بەهۆی بارانی نەورۆزەوە گوڵ دەپشکوێت و کوردستان دەبێتە بەهەشتی گەلی کوردو زەوی و ئاسمان نوێ دەکاتەوە".
"دەبێت نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە ڕۆژی تێکشکاندنی زاڵبوونی زوحاکی سەردەم"
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئایشە ئەفەندی ئاماژەی بەوەکرد کە گەلی کورد بەرهەمی زۆری ڕاپەڕینی نەورۆزی بەدەست هێناوە و وتی: "نەورۆز ئەو ڕۆژەیە کە سووربوونی خۆمان لەسەر بەرخۆدان و ڕاپەرین دەردەبڕین، لەسەر ئەم بابەتە واتا وەک بەرهەمەکانی ڕاپەڕینی نەورۆز، چەندین ڕۆژی دیکەمان بە هەمان مانا بە دەستهێناوە، وەک ١٢ی ئادار، ٤ی نیسان، ١٩ی تەمووز و هتد، بێگومان نەورۆز ڕزگاریی گەلی کوردە و ڕێگایە بۆ ڕۆژی نوێ، بەڵام ئێستا ڕۆژەکانی ڕاپەرین و بەرخۆدانی ئێمە زیادی کردووە، بۆیە لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا پەیامی سیاسی دەدرێت و تەنانەت ئەو پێکهاتانەی لێرە دەژین نامەی خۆیان و هیواکانیان دەردەبڕن، ئەمساڵیش بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا کە هەزاران کەسی کوشت، کارەساتێکی مرۆییە بەڵام نەورۆز ڕاناوەستێت، بەتایبەتی بۆ خەڵکی باکوری کوردستان دەبێت بە پەرۆشی و ئارەزوویەکی زیاترەوە بەشداری بکەن، لەباکوری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە و بەشداری خەڵکی باکوری کوردستان لەنەورۆزدا دەبێت زاڵبوونی زوحاکی سەردەم ئەردۆغان ببەزێنێت، ئەمساڵ دەبێت پەیمانی ژیانێکی ئازاد لە هەر چوار پارچەی کوردستان نوێ بکەینەوە".
"نەورۆز هەرگیز ماناکەی لە دەست نادات"
ئایشە ئەفەندی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، باسی لەوە کرد، کە هیچ هێزێک ناتوانێت پەیوەندی گەلی کورد بە نەورۆز بپچڕێنێت، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "نەورۆزی ئێمە ناوەستێندرێت و هیچ هێزێک ناتوانێت پەیوەندی ڕۆحی و ئایدۆلۆژی ئێمە بەو جەژنە بپچڕێنێت، نەورۆزی ئەمساڵمان دەکەینە وەڵامی هیواکانی هەموو گەلانی چەوساوە، بە ئەلفوبێی کوردی ئاهەنگ دەگێڕین و بە سروودی ئەی ڕەقیب ئاگری نەورۆز دەکەینەوەو ئێمە بە ئاڵای سەوز و سوور و زەرد هەڵدەپەڕین، نەورۆزمان سەرکەوتووە، تەنانەت کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدا دەستگیرکرا، پێشوازیمان لە نەورۆزمان کرد، لە بەرخۆدانی کۆبانێدا گەلەکەمان هێشتا لە باکوری کوردستان بوون و داعش لە گوندەکانی کۆبانێ بوو، نەورۆزمان پیرۆز کرد، زیندوویی و هەست و مانای نەورۆز لە ڕۆژی خۆیدایە و ئەم جەژنە هەرگیز تینی خۆی لە دەست نادات".